رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق دەڵێ، زیاتر لە 22 هەزار مامەڵەی ساختە لە دۆسیەکانی دەزگاکەدا دۆزراوەتەوە کە ئەوەش بووەتە هۆی بەهەدەردانی 3 تریلیۆن و 200 ملیار دینار؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە ناوی "تیرۆریست و بەعسییەکان" لە لیستی مووچەخۆرانی دەزگاکەدا هەبووە و زۆرترین ساختەش لە پارێزگای ئەنبار بووە. سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار ئەو قسانەی رەتدەکاتەوە و دەڵێ راست نییە.
عەبدولئیلاهـ نائیلی، سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی عێراقی رایگەیاند، دەزگاکەیان لە ساڵی 2021ـەوە بە هاوئاهەنگی لایەنە ئەمنییەکان دەستی بە وردبینی لە دۆسیەی قوربانیانی "تیرۆر" کرد و دەرکەوت ساختەکاریی گەورە کراوە.
بەهەدەردانی ملیاران دینار و ناوی تیرۆریستان
بەگوتەی سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق، تاوەکو ئێستا 27 هەزار و 400 دۆسیە راگیراون. نائیلی ئاماژەی بەوە کرد کە "لاوازیی رێکارەکان لە هەندێک پارێزگا و بوونی گەندەڵی بووەتەهۆی تێپەڕبوونی ناوی وەهمی و زیادکردنی ناوی تیرۆریستان."
عەبدولئیلاهـ نائیلی ئاشکرای کرد کە "ناوی 2305 تیرۆریست و 471 بەعسی لەنێو لیستی سوودمەندبووانی یاساکانی دەزگاکەدا دۆزراونەتەوە. قەبارەی ئەو پارەیەی بەهۆی ساختەکارییەوە بەهەدەر دراوە دەگاتە 3 تریلیۆن و 200 ملیار دینار".
سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق روونی کردەوە کە پارێزگای ئەنبار گەورەترین ساختەکاری تێدا تۆمارکراوە، بە جۆرێک بەڵگەنامەی مردن بۆ 20 هەزار کەس دەرکراوە بەبێ ئەوەی تەرمیان هەبێت، بۆ ئەوەی بە ناوی قوربانیی تیرۆر دۆسیەیان بۆ بکرێتەوە و مووچە وەربگرن؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە 22 هەزار و 41 مامەڵەی ساختە لە پارێزگاکاندا هەبوون.
سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق گوتیشی: "نامەی سیاسییان بۆ ناردووم بۆ ئەوەی پاشەکشە لە ئاشکراکردنی دۆسیەکانی گەندەڵی بکەم، بەڵام من گوێم پێنەداون؛" داواشی لە حکومەت وئەنجوومەنی دادوەریی عێراق کرد هاوکاری دەزگاکە بن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو تۆڕە گەورانەی ساختەکاری.
بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارە، نائیلی رایگەیاند کە لە قۆناخی داهاتوودا پەنا بۆ سیستمی ئەلیکترۆنی لە وردبینیکردنی دۆسیەکان دەبەن؛ باسی لەوەش کرد، تاوەکو ئێستا وردبینی بۆ 40%ـی دۆسیەکان تەواو بووە.
لە وەڵامی ئەو قسانەدا سەعد غازی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی ئابی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو قسانەی سەرۆکی دەزگای شەهیدان لەبارەی پارێزگای ئەنبار دوورن لە راستیەوە و ئەو ژمارانەی باسیان دەکات بێ بنەمان.
بەگوتەی سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، "بە پاساوی وردبینی و گومانکردن، دۆسیەی 48 هەزار شەهید و بریندار لە پارێزگای ئەنبار راگیراوە. لەسەردەمی محەممەد شیاع سوودانی، لیژنە بە مەبەستی وردبینی لە دۆسیەکان پێکێهێنرا، دۆسیەی 5 هەزار کەس وردبینی بۆ کرا و دەرکەوت هیچ کێشەیەکیان نییە. سەرەڕای ئەوەش، زیاتر لە پێنج مانگە مووچەیان خەرج نەکراوە".
سەعد غازی ئاماژەی بەوەکرد، "رەنگە کەموکوڕی لە هەندێک دۆسیەی شەهیدان هەبێت، هەندێک بریندار رێژەکەی بەرکەوتەکەی زیاد کرابێت، بەڵام ئەوەش سنوودارە. بەهیچ شێوەیەک ئەو ژمارە نییە کە باس دەکرێت. ئەنبار رووبەڕووی پەلاماری داعش وێرانەیەکی زۆر بوو، زۆر بەڵگەنامە لەنێو چوون، بۆیە پێویستە بەتەواوی دڵنیاببنەوە لە مامەڵەی شەهید و برینداران".



