رووداو دیجتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق پێنج سکاڵای دژی هەرێمی کوردستان رەتکردەوە کە چواریان دژی بڕیارێکی 34 ساڵ پێش ئێستا بوون، پێنجەمیان لەبارەی مووچەوە بوو.
چوارشەممە 19ی ئابی 2026، دادگەی باڵای فیدراڵی تاوتوێی چوار سکاڵای کرد کە لەلایەن وەزیری دارایی فیدراڵ و بانکەکانی رەشید و رافیدەین و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دڵنیایی نیشتمانیی عێراق دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوون و تێیدا داوایان دەکرد بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە لە 24ی تشرینی دووەمی 1992 دەریکردووە بە نادەستووری بناسێنێت.
دادگەی فیدراڵی هەر چوار سکاڵاکەی رەتکردەوە بە پاساوی ئەوەی لە تایبەتمەندیی ئەو دادگەیە نییە.
ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە تانەی لێدرابوو، پەیوەندیدارە بە بەناوکردنی موڵک بە ناوی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە.
ئەیاد کاکەیی، پارێزەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو دۆسیەیەدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگە، جارێکی دیکە ناتوانرێ هەمان سکاڵا لە دادگەی فیدراڵی تۆماربکرێ و رەتکردنەوەکەش پاڵپشت بەوە بوو کە بەگوێرەی مادەی 140ی دەستوور، ئەو بڕیار و یاسایانەی پێش ساڵی 2003 لە هەرێمی کوردستان دەرچوون، کاران و هەڵناوەشێندرێنەوە".
دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵایەکی دیکەی رەتکردەوە کە لەلایەن سێ مامۆستای هەرێمی کوردستان دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوون و تێیدا داوایان دەکرد بڕیاری راگرتنی رێکارەکانی بەرزەمووچە و سەرمووچەی فەرمانبەران بە نادەستووری دابنرێ.
دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵای ئەو سێ مامۆستایەی رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەو پرسە لە تایبەتمەندیی دادگەکە نییە.
بەگوێرەی سکاڵانامەکە کە دەست رووداو کەوتووە، مامۆستاکان سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی سلێمانی، هەڵەبجە و چەمچەماڵ بوون.
لە ساڵی 2016ـەوە بەهۆی بڕینی تەواوی بەشە بودجەی مانگانەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، بەرزەمووچە و سەرمووچەی فەرمانبەران راگیراوە.




