رووداو دیجیتاڵ
عەلى فالح زەیدی 100 رۆژى حکومەتەکەى بەبێ نۆ وەزیر بەڕێکرد، هەڵمەتى تۆقاندنى گەندەڵکاران و سنووردارکردنى چەکى دەستپێکردووە، بەڵام ئاڵنگاریى کشانەوەى هاوپەیمانان و دۆخى دارایی تاقیکردنەوەى قورسی ماوەى داهاتووى کابینەکەى دەبێت.
"پشتگیرى رەها دەکەین"، ئەو رستەیە لە 99یەمین رۆژى کابینەى حکومەتى عێراق لەلایەن عودەى تەمیمی، سەرۆکى فراکسیۆنى سادیقوون بە عەلى زەیدى سەرۆکوەزیران گوترا کاتێک بە یاوەرى ئەندامانی فراکسیۆنەکەى لە 20ى ئاب لەگەڵى کۆبوونەوە.
ئەو پەیامە لەلایەن باڵى سیاسیى بزووتنەوەى عەسائیبی ئەهلى حەق، کە خاوەنى 29 کورسی پەرلەمانە، بۆ زەیدی کەم نەبوو بەتایبەت کە سادیقوون بە بەهێزترین هاوکارى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە عێراق ناسراوە.
ئەمڕۆ هەینى 21ى ئاب 100 رۆژ تێپەر دەبێت بەسەر پێکهێنانى کابنیەى حکومەتەکەى زەیدی، کە شیعەکان تێیدا باڵادەستن.
ئەو حکومەتە لە سێبەرى چەند ئاڵنگارییەکى قورسی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ عێراق دەستبەکاربوو، جەنگى ئێران و ئەمریکا، ناکۆکیى نێوخۆیی لەبارەى چەکدانانى گرووپەکان، دۆخى ناهەموارى دارایی، زەیدی خستە بەردەم شەڕێکی قورسەوە.
حوسێن شەیحانی، ئەندامى مەکتەبی سیاسیى بزووتنەوەى سادیقوون بە تۆڕى میدیایی رووداوی راگەیاند، دواى تێپەڕبوونى 100 رۆژ بەسەر متمانەمان بە حکومەتى نوێ، هەنگاوی ئەرێنى ناوە لەوانە بنبڕکردنى گەندەڵی و بەهێزکردنى دامەزراوەکان و گەڕاندنەوەی متمانە بۆ وڵاتانى دراوسێ.
حوسێن شەیحانی گوتى: "دەبێت راشکاو بین ئەو دۆسیانەى لەبەردەمیدان تەنیا بە حکومەت یەکلا نابنەوە، پێویستى بە هاوکاریى هەمووانە، وەک سادیقوون لە سەرەتاوە هەڵوێستمان روون بووە کە کاخەزێکى سپی نادەینە حکومەت و لە هەمان کاتیشدا تەنیا بۆ ئۆپۆزیسیۆن بوون نەیارى ناکەین، بەڵکو چاودێرى دەکەین"
چەکدانان، ئەرکێکى ئاڵۆز
چارەنووسی چەکى گرووپە چەکدارەکان، ئاڵنگارییەکى ئەستەمى بەردەم عەلی فالح زەیدی دەبێت، هەرچەندە لە ماوەى ئەو 100 رۆژەدا هەنگاوەکانى بەرەو ئاراستەى یەکلاکردنەوەى ئەو پرسە دەستپێکردووە، کە بە سنووردارکردنى چەک لە دەستى دەوڵەت ناسراوە.
عەسائیبی ئەهلی حەق، سەرایا سەلام، کەتائیبەکانی ئیمام عەلی دیارترین ئەو گرووپانە بوون کە بڕیاریان دا بچنە نێو ئەو دەسپێخەرییەوە و پەیوەندییان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانیان لەنێو حەشدی شەعبی بپچڕێنن، بەڵام ئەوەى پەیوەندی بە چەکدانانەوە هەیە هێشتا رێکارى دیکەی ماوە.
حوسام روبەیعی، گوتەبێژى هاوپەیمانیى خەدەمات کە باڵی سیاسیى کەتیبەکانی ئیمام عەلییە بە (رووداو)ی راگەیاند، هێشتا دەستەواژەی سنووردارکردنى چەک لە دەستى دەوڵەت لە چوارچێوەى روونکردنەوەى راستەقینەى خۆیدا دانەنراوە، هەرچەندە ئەو دەسپێشخەرییە پڕۆژەیەکی نیشتمانی و شیعە بووە و دەستوور پاڵپشتی لێ دەکات.
لە کارنامەى حکومەتەکەى زەیدى ئاماژە بە سنووردارکردنى چەک لە دەستی دەوڵەت و جێبەجێکردنی سەروەریی یاسا و بەهێزکردنی تواناکانی دەزگا ئەمنی، هەواڵگری و سەربازییەکان کراوە. هەروەها جەخت لە یەکخستنی بڕیاری ئەمنی و بەستنەوەی هەموو سەرچاوەکان بە سیستمی فەرمیی دەوڵەت، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تاوانی رێکخراو و وشککردنی سەرچاوە داراییەکانیان کراوەتەوە.
سنووردارکردنى چەک لە دەستى دەوڵەت بۆ رێگریکردنە لەوەی گرووپە چەکدارەکان لەنێو عێراق یان لە دەرەوە هێرش بکەن، کە عێراقى رووبەڕووی هێرش و گوشارى دەرەکی دەکاتەوە.
حوسام روبەیعی رایگەیاند، هێشتا کێشەى یاسایی لە مامەڵەکردن لەگەڵ سنووردارکردنى چەک لە دەستى دەوڵەتدا هەیە، یاسای چەکى ساڵى 2017 و یاسای حەشدی شەعبی 2016 ئاماژەیان بەو چەکە ستراتیژییانە نەکردووە کە دوای دەرچوونى ئەو دوو یاسایە دەرکەوتوون لەوانە مووشەک و درۆن، ئەگەر ئێستا حەشدی شەعبی ئەو چەکانە لە بازگەیەکەوە بگوازێتەوە رێگەی پێنادرێت و ئەوەشى، کە پێی بگیرێت بە یاسایى تیرۆر مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت.
چەکدانانى گرووپەکان بەستراوەتەوە بە پرسێکى هەستیارتر، کە کۆتایی هاتنى تەواوی ئەگەری هێرشەکانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژی داعشە لە عێراق کە مەرجی ئەو گرووپانەیە بۆ چەکدانان کە تاوەکو ئێستا چەکیان دانەناوە.
حوسێن شەیهانی، ئەندامى مەکتەبی سیاسیى بزووتنەوەى سادیقوون رایگەیاند کە یەکێک لە پرسە گرنگەکان سنووردارکردنى چەک بە دەستی دەوڵەتە، وەک رێگەیەکى نیشتمانی بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکى بەهێز کە بتوانێت وڵات و گەلەکەی بپارێزێت کە هاوکات بێت لەگەڵ کۆتاییهاتنى بوونی هێزی بیانى لە عێراق.
گەندەڵى، جەنگان نەک بنبڕکردن
زەیدی، جیاواز لە سەرۆکوەزیرانەکانى پێشوو، لە دۆسیەکانى گەندەڵیدا دەستی بۆ گەورەکان برد، 28ى حوزەیران موسەننا سامەڕایی، سەرۆکى هاوپەیمانیی عەزم و 12 پەرلەمانتارى دیکە پێکەوە لەسەر دۆسیەکانى گەندەڵی دەستگیرکران.
ئەو هەڵمەتە دوای ئەوە بوو کە عەدنان جومەیلی، بریکارى پێشووى وەزارەتى نەوتى عێراق لە 30ى ئایار بە تۆمەتى گەندەڵی دەستگیرکرا و لە پۆستەکەی دوورخرایەوە کە تاوەکو ئێستا تێکرای ئەو پارانەى لەو دۆسیەیەدا گەڕێنراونەتەوە 300 ملیار دینارى تێپەڕاندووە.
محەممەد روبەیعی، سەرۆکى دامەزراوەى نەهرێن بۆ پاڵپشتی شەفافیەت و دیموکراسی بە رووداوی راگەیاند، ئەوەى حکومەتى ئێستا دەستیپێکردووە جەنگانە لە دژی گەندەڵى نەک بنبڕکردنى، بەو پێیەی بە گوتەی ئەو حکومەت بەتەنیا لەو هەڵمەتەدایە و دامەزراوەى یاسادانان هاوکاری نین.
زەیدی سەرکردایەتیى حکومەتى وڵاتێکى گرتە دەست کە لە ریزبەندی 136ى رێکخراوى شەفافیەتى نێودەوڵەتییە لە گەندەڵیدا لە کۆی 182 وڵات کە ئەو رێکخراوە ساڵانە پۆلێنیان بۆ دەکات.
محەممەد روبەیعی رایگەیاند، ئەوەى حکومەتەکەی عەلی زەیدی لە جەنگان لە دژی گەندەڵی کردوویەتیە بەرنامە "سەرکێشی" بووە بەو پێیەی بەرپرسانى باڵاى حیزبیى دەستگیرکرد و وایکرد گوشارەکان لەسەرى زۆر بن.
نەوت و پارە، دەستگرتنەوە و قەرزى ناچارى
زەیدى لەو 100 رۆژى رابردودا حکومەتێکى بە 180 تریلیۆن دینار قەزرى ناوخۆیی و دەرەکى بەڕێوەبرد.
کەم بوونەوەى داهاتى نەوتی و نانەوتى بۆ نیوەى بڕى پێش جەنگ وایکردووە لە لەلایەک دەستبگرێتەوە، لەلایەکى دیکەوە قەرز بۆ پڕکرنەوەى کورتهێنانەکەى بکات.
زیرەک زێبارى، ئەندامى پەرمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو رێکارانەى زەیدى لە 100 رۆژى رابردوو لەبارەى قەیرانى دارایی گرتونیەتەبەر "کاتى" بوون و نەیتوانیوە دۆخى کورتهێنانى دارایی چارەسەر بکات.
لە شەش مانگى سەرەتاى ئەم ساڵ، عێراق دووچارى زیاتر لە 21 تریلیۆن دینار کورتهێنان بووەتەوە بەهۆى کەمى داهات بەراورد بە خەرجییەکانى لەو ماوەیەدا.
زیرەک زێبارى پێیوایە بۆ قۆناخى داهاتوو دەرچوون لەو دۆخە داراییەى ئێستا عێراق ئاسان نابێت بەتایبەت کە لەلایەک دروستکردنى رێڕەرى نوێى هەناردەى نەوت ماوەى زۆرى پێدەچێت و لەلایەکى دیکەشەوە ئەگەر تەنگەى هورمز بەتەواوى بکرێتەوە کاتى دەوێت بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت بەهەمان بڕى پێش جەنگ.



