رووداو دیجیتاڵ
عەلى فالح زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق راگەیاند، مووچە و خەرجییان گەرەنتیکردووە. راشیگەیاند، کار دەکەن لە ماوەى شەش ساڵى داهاتوودا هەناردەى رۆژانەى نەوت بگەیێننە 8 بۆ 10 ملیۆن بەرمیل.
ئەو گوتانەى عەلى فالح زەیدى، لە هەشتەم کۆڕبەندى دیالۆگى بەغدا بوو. کە ئەمڕۆ هەینى 21ى ئابىى 2026 ، لە بەغدا دەستی بە کارەکانی کرد.
عەلی فالح زەیدی رایگەیاند، توانیویانە مووچە و خەرجی دابین بکەن و گەرەنتیکراوە، بەردەوامن بۆ ئەوەی بۆ ساڵانی داهاتووش گەرەنتی بکەن.
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، لە هەوڵدان رێگەی جێگرەوە بۆ هەناردەی نەوت بدۆزنەوە و هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە زیاد بکەن و کار لەسەر هەناردەی نەوت دەکەن لە رێگەی بەندەری بانیاسی سووریا و عەقەبەی ئوردن.
عەلى فالح زەیدى گوتى: "کار لەسەر ئەوە دەکەن پشکی هەناردەی عێراق لە رێگەی رێکخراوی ئۆپێکەوە زیاد بکەن و هەوڵدەدەین لە شەش ساڵدا هەناردەی رۆژانەی نەوت بگەیێننە 8 بۆ 10 ملیۆن بەرمیل".
بەهۆى دۆخى جەنگ لە ناوچەکە و داخستنى تەنگەى هورمز، هەناردەى نەوتى عێراق بۆ کەمتر لە نیوەى بڕى پێش جەنگ دابەزیوە
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، بودجەی ساڵی داهاتوو زیاتر گرنگی بە کەرتی کارەبا و بەرهەمهێنان و دابەشکردن و گواستنەوەی دەدات و چاکسازییان لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەکارهێنانی ناوخۆیی وزە کردووە، بەگوێرەی شێوازێکی ئابووریی نوێ کە 17.8 تریلیۆن دینار لە ساڵێکدا دەگەڕێنێتەوە.
یەکێک لەو پرسانەى کە عەلى فالح زەیدى باسیکرد، سنوردارکردنى چەک بوو لە دەستى دەوڵەتدا، کە لەکارنامەى حکومەتەکەیدا هەیە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بە تەواوی هاوڕان لەسەر بەردەوامبوون لە سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و ئێستا کار لەسەر میکانیزمەکانی رادەستکردنی چەک و کۆتایی پێهێنانی تەواوی دەکرێت.
عەلی فالح زەیدی گوتى: "خواست و نییەتێک نییە بۆ هیچ پێکدادانێکی سەربازی و رێگەش بە دووژمنانی عێراق نادەین کە هیچ دەرفەتێک بقۆزنەوە".
ئەو گوتانەى سەرۆکوەزیرانى عێراق هاکات بوو لەگەڵ تێپەڕینى 100 رۆژ بەسەر پکێهێنانى کابینەى حکومەتەکەى، کە لە 14ى ئایار لە پەرلەمان متمانەى پێدرا.
عەلی فالح زەیدی رایگەیاند، خۆی پابەند کردووە بەوەی خۆی بۆ ویلایەتی دووەم بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێر نەکاتەوە.



