رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق سەرقاڵی ئەو گۆڕانکارییانەیە لە کارنامەکەیدا، کە بەر لە 100 رۆژ پەرلەمان لە کاتی متمانەدان بە کابینەکەی، داوای لێکردبوو.
ئەو گۆڕانکارییانە لەسەر داوای لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمان بووە، کە لە دانیشتنی 14ی ئایار دراوەتە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە چەند بڕگەیەکی کارنامەکەدا بکات.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "لەو دانیشتنەدا دەنگ بە کارنامەکە درا بەو مەرجەی کە گۆڕانکاری لە چەند بڕگەیەکدا بکات و بگێڕدرێتەوە بۆ پەرلەمان."
عەلی فالح زەیدی لە کارنامە 14 تەوەرەیییەکەیدا بۆ حکومەتی نوێی عێراق، ئاماژەى بە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، هەمەجۆرکردنی رێگەکانی هەناردەی نەوت و پاراستنی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی ئەو کەرتە دەکات، لە کارنامەکەدا جەخت لە سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، بەهێزکردنی تواناکانی دەزگا ئەمنییەکان و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی پڕچەککردنیان کراوەتەوە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "کارنامەکە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت بە بەشداری وەزارەتەکان بۆ ئەوەی پێشکێشی پەرلەمانی بکەنەوە لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی پەرلەمان داوای کردووە. بڕیارە لەگەڵ پێشکێشکردنی بەربژێری نۆ وەزارەتەکەی دیکە کە هێشتا دەنگیان لەسەر نەدراوە، ئەو هەموارانەی کارنامەکەش پێشکێش بکرێت بۆ ئەوەی پەرلەمان دەنگیان لەسەر بدات."
14 وەزارەتی کابینەی ئێستای حکومەت دەنگیان لەسەر دراوە و نۆ وەزارەت پڕ نەکراونەتەوە و بە وەکالەت بەڕێوە دەبرێن.
عومەر کۆچەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "لە بنەڕەتدا پەسندکردنی کارنامەی حکومەت لەسەر بنەمای مەرجی گۆڕانکاری تێیدا، وادەکات کارنامەکە بەبێ گۆڕانکارییەکان کارا نەبێت."



