رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کۆمپانیای بی پی لە عێراق دەڵێ، پلانێکی گشتگیر بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی کەرکووک جێبەجێ دەکەن و ئامانجییانە هاوشێوەی کێڵگەی رومەیلە، بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لەو پارێزگایە زیاد بکەن؛ باسیش لەوە دەکات، پەیوەندییان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان باشە.
رۆژی هەینی، 21ی ئابی 2026، زەید یاسری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بی پی لە عێراق، لە وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا، رایگەیاند: "سەرنجی سەرەکیمان لەسەر کێڵگەکانی کەرکووکە بۆ زیادکردنی نەوت و وەبەرهێنان لە گاز."
یاسری ئاماژەی بە ئەزموونی کۆمپانیاکەیان لە کێڵگەی رومەیلە لە بەسرە کرد، کە رۆژانە ملیۆنێک و 400 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و گوتی:"لە رومەیلە 94%ی کارمەندەکانمان عێراقین و نیوەی گرێبەستەکانمان بۆ کۆمپانیا نێوخۆییەکانە، هەمان ئەم مۆدێلە لە کەرکووک جێبەجێ دەکەین و کارە لەپێشینەکانمان بەرەپێشبردنی توانای کارمەندانی عێراقی و کارکردنە لەگەڵ کۆمپانیاکانی کەرکووک."
سەبارەت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری بی پی گوتی:"پڕۆژەی کەرکووک سوودی بۆ هەموو شارەکانی دەوروبەر و ناوچەکە دەبێت و هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەوە. ئێمە لە قۆناخی داڕشتنی پلانە تەکنیکییەکانداین و پێکەوە لەگەڵ حکومەت کار بۆ ئاوەدانکردنەوە و بوژانەوەی ئابووری دەکەین."
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
رووداو: هەڵسەنگاندنتان بۆ ئەم قۆناخەی کارەکانی کۆمپانیای بی پی لە کەرکووک و دەوروبەری چییە؟
زەید یاسری: کۆمپانیای بی پی، پشتیوان بە خودا، ساڵی داهاتوو یادی 100 ساڵەی بوونی کۆمپانیاکە لە عێراق دەکاتەوە. ئێمە هاوبەشییەکی زۆر درێژخایەنمان هەیە، کە نزیکەی سەتەیەکە، لەگەڵ حکومەتی عێراق. ئەم هاوبەشییە لە راستیدا لەو رۆژەوە دەستیپێکرد کە کێڵگەکانی کەرکووک دۆزرانەوە، دواتریش کێڵگەی رومەیلە کە کۆمپانیای بی پی لە ساڵی 2009 لەگەڵ هاوبەشەکانی تێیدا دەستی بەکار کرد، کە ئێستا رۆژانە نزیکەی ملیۆنێک و 400 هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنێت. ئەم کێڵگە گەورەیە، گەورەترین کێڵگەی عێراقە و دووەم یان سێیەم گەورەترین کێڵگەی جیهانە. نزیکەی 94%ی کارمەندانی عێراقین و زیاتر لە نیوەی گرێبەستەکانمان بۆ کۆمپانیا نێوخۆییەکان دەڕوات. گەشەپێدانێکی گەورە و بووژانەوەیەک بۆ کۆمەڵگەی نێوخۆیی لە باشوور دروست بووە، ئێمە حەز دەکەین ئەم ئەزموونە لەگەڵ خۆمان ببەینە کەرکووک. پشتیوان بە خودا، ئەزموونێکی نوێ دەبێت، بەڵام سوود لە زۆر شت وەردەگرین کە لە بەسرە ئەنجاممان داون. ئامانجەکە یەک شتە، ئەویش پاڵپشتیکردنی حکومەتی عێراقە بۆ زیادکردنی بەرهەم و پاڵپشتیکردنی وەزارەتی نەوت و هاوبەشەکانمان لە کۆمپانیای نەوتی باکوور و گازی باکوور. ئامانجی ئەم پڕۆژەیە بێگومان زیادکردنی بەرهەم و پڕۆسەی وەبەرهێنانە لە گازدا بۆ رێگریکردن لە سووتانی گاز و شتی دیکە، هەروەها پاڵپشتیکردنی وەزارەتی نەوت لە دابینکردنی وزەی کارەبا لەڕێگەی زیادکردنی بەرهەمهێنانی گازەوە. هەروەها بێگومان ئەم کێڵگەیەی کەرکووک کە لە چوارچێوەی گرێبەستی ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێداندایە، بابەتی گەڕان و پشکنینیش لەخۆدەگرێ، ئەمەش پاڵپشتییەکی زیاتر دەدات بۆ زیادکردنی بەرهەم لە داهاتوودا. پابەندبوونی ئێمە سەبارەت بە بنیاتنانی کارمەندی عێراقی لە پارێزگای کەرکووک و کارکردن لەگەڵ کۆمپانیا نێوخۆییەکانی کەرکووک یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانمان، هەروەها کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێوخۆیی بۆ سوودوەرگرتن لەو شتانەی کە پشتیوان بە خودا لەم گرێبەستەدا دەبن.
رووداو: ئامانجی کۆمپانیای بی پی ئەوەیە تاوەکو چەند بەرهەمی نەوت زیاد بکات؟ ئایا کاتێکی دیاریکراوتان هەیە؟
زەید یاسری: ئێمە ئێستا لە قۆناخی داڕشتنی پلانی پەرەپێدانداین لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە کۆمپانیای نەوتی باکوور و گازی باکوور، پشتیوان بە خودا بەپێی پێوەرە تەکنیکییە تایبەتەکان بەم چوار کێڵگەیە، رێککەوتن لەسەر پلانەکە دەکرێت کە ئێستا لە قۆناخی ئامادەکردنیداین.
رووداو: ئایا هاوئاهەنگی لەنێوان ئێوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دۆزینەوەی کێڵگەی نەوتی نوێ هەیە؟
زەید یاسری: پەیوەندییەکانمان زۆر باشن، وەک دەزانیت ئێمە هاوبەشێکی کۆنین لە عێراق. پێم وایە پڕۆژەی کەرکووک گرنگی و سوودی بۆ کەرکووک و شارەکانی دەوروبەریشی دەبێت، بێگومان هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەوە. هەموو ئەو کۆمپانیایانەی لە کەرکووک و هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکە کار دەکەن، بەخێرهاتنیان دەکرێ بەپێی ئەو رێکار و پێوەرانەی ئێستا دامانناون. هەروەک پێشتر ئاماژەم پێدا، پڕۆسەی بوژانەوەی ئابووری نێوخۆیی بەشێکە لە کارە لەپێشینەکانمان، هیوادارین پشتیوان بە خودا لەگەڵ کۆمپانیا نێوخۆییەکان کار بکەین بۆ بنیاتنانی ئەم پڕۆژە گەورەیە.
رووداو: لەبارەی ئەوەی کە ناوە ناوە بۆردوومان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەکرێ، ئایا ئەمە کاریگەری لەسەر کارەکانتان هەبووە؟
زەید یاسری: سوپاس بۆ خودا پاڵپشتییەکی باش لە لایەن حکومەتی عێراقەوە هەیە سەبارەت بەم بابەتە. پشتیوان بە خودا، ئێمە، وەک پێم گوتی، ئێستا ئامانجی سەرەکیمان لەسەر بنیاتنانی بنەماکانی ئەم پڕۆژەیەیە تاوەکو پاڵپشتی ئابووری عێراق بکات و پاڵپشتی پڕۆسەی بووژانەوەی ئابووری نێوخۆیی بکات، ئەمە ئەو شتەیە کە کاری لەسەر دەکەین.

