رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی یەکشەممە، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەموارکردنەوەی یاسای رزگاربووانی ئێزدی بکات. پەرلەمانتارێکی ئێزدییەکان لە پەرلەمانی عێراق دژی ئەو هەنگاوەیە و رایدەگەیێنێت، هەر هەموارێک بەبێ رەزامەندی ئەوان بێت، قبووڵی ناکەن.
بەپێی کارنامەی دانیشتنی رۆژی یەکشەممە، 23ی ئابی 2026ـی پەرلەمانی عێراق، بڕگەی پێنجەم تەرخانکراوە بۆ خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای هەموارکردنی یەکەمی یاسای رزگاربووانی ئێزدی (ژمارە 8ی ساڵی 2021).
رۆژی هەینی، 21ی ئابی 2026، موراد ئیسماعیل، پەرلەمانتاری ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەک نوێنەرانی ئێزدی، بە تووندی دژی هەر هەموارکردنێکی ئەم یاسایە دەوەستینەوە کە بەبێ رەزامەندی و گفتوگۆ لەگەڵ ئێمە ئەنجام بدرێ. هەر گۆڕانکارییەک لە یاساکەدا پێویستی بە رەزامەندی نوێنەرانی ئێزدی لە نێو پەرلەمان هەیە."
سەبارەت بە هۆکاری پشت ئەو هەموارکردنە، موراد ئیسماعیل ئاماژەی بەوە کرد کە گوشارێکی زۆر لە لایەن پێکهاتەکانی تورکمان و شەبەکەوە هەیە بۆ گۆڕینی نێوەڕۆکی یاساکە؛ گوتیشی، "برا تورکمان و شەبەکەکانمان دەیانەوێ ناو و دەقەکانی نێو یاساکە بگۆڕدرێن بۆ ئەوەی وەک ئێزدییەکان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، لە کاتێکدا یاساکە لە بنەڕەتدا تورکمان، شەبەک و کریستیانەکانیشی گرتووەتەوە و پێویست بە هەموارکردن ناکات."
ئەو پەرلەمانتارە ئێزدییە دەڵێ، ئەوان هەر جۆرە هەموارێک رەتدەکەنەوە، ئەگەر پێشوەختە لەگەڵ ئەواندا رێککەوتنی لەسەر نەکرابێت.
نێوەڕۆکی یاسای رزگاربووانی ئێزدی چییە؟
ئەم یاسایە لە 1ی ئاداری 2021 لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسند کرا، ئەوەش دوای تێپەڕبوونی نزیکەی 7 ساڵ بەسەر جینۆسایدی کوردانی ئێزدی لەسەر دەستی داعش لە ئابی 2014.
یاساکە بە ئامانجی قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوی ئەو ژنانە دەرچوو کە لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون و رووبەڕووی تووندوتیژی و دەستدرێژی ببوونەوە، هەروەها بۆ ناساندنی ئەو تاوانانە وەک "جینۆساید".
یاساکە چەندین مافی سەرەکی بۆ رزگاربووان دابین دەکات، لەوانە:
- دابینکردنی مووچەیەکی مانگانە بۆ هەموو رزگاربووەکان کە کەمتر نەبێت لە دوو ئەوەندەی کەمترین مووچەی خانەنشینی.
- پێدانی پارچە زەوییەک بۆ نیشتەجێبوون یان یەکەی نیشتەجێبوون بەخۆڕایی.
- رێگەدان بە رزگاربووان بۆ تەواوکردنی خوێندن بەبێ گوێدانە تەمەن و کۆنمرە.
- تەرخانکردنی رێژەی 2٪ی پلە وەزیفییەکانی میلاکی گشتی بۆ رزگاربووان.
- کردنەوەی سەنتەری تایبەت بۆ چارەسەری دەروونی و جەستەیی بۆ قوربانییان.
- یاساکە ئەو تاوانانەی بەرامبەر کوردانی ئێزدی کراون بە "جینۆساید" دەناسێنێت و کار دەکرێ بۆ ناساندنی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
- یاساکە جەخت دەکاتەوە کە هیچ لێخۆشبوونێکی گشتی یان تایبەت ئەو تاوانبارانە ناگرێتەوە کە ئەو تاوانانەیان ئەنجامداوە.
یاساکە کێ دەگرێتەوە؟
|
یاساکە تەنیا بۆ کوردانی ئێزدی نییە، بەڵکو ئەم پێکهاتانەش دەگرێتەوە:
- ئەو ژنە ئێزدییانەی رفێندرابوون.
- ئەو ژنانەی لە پێکهاتەکانی (تورکمان، کریستیان، شەبەک) کە لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون.
- ئەو منداڵانەی کە لە کاتی تاوانەکەدا تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بووە و رفێندرابوون.
- رزگاربووانی ئەو کۆمەڵکوژییانەی داعش ئەنجامی داون.


