رووداو دیجیتاڵ
دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیالۆگ لەنێوان حکومەتی عێراق و گرووپە چەکدارەکان، هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت چوونەتە قۆناخێکی نوێ. د. حەیدەر بەرزنجی دەڵێ، زاراوەی "دانانی چەک" گۆڕاوە بۆ "رێکخستنەوەی چەک" و پرۆسەکەش لەدوای 30ی ئەیلوولەوە بەشێوەیەکی "جیدی" دەستپێدەکات.
د. حەیدەر بەرزنجی، سەرۆکی دامەزراوەی (نەرامسین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە چەند رۆژی رابردوودا گفتوگۆکان لەبارەی چارەنووسی چەکی گرووپەکان بەردەوام بوون و هەردوولا گەیشتوونەتە تێگەیشتنێکی هاوبەش. بە گوتەی ئەو شرۆڤەکارە، گۆڕینی دەستەواژەکە لە "دانانی چەک"ەوە بۆ "رێکخستنەوەی چەک" هەنگاوێکی گرنگە، چونکە "ئەوە مافی دەوڵەتە کە دەبێت کۆنترۆڵی هێزی چەکداری لەدەست بێت."
پرۆسەی رێکخستنەوەی چەک
سەرۆکی دامەزراوەی (نەرامسین) دەڵێت، پرۆسەی رێکخستنەوەی چەک و "هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندیی" گرووپەکان لەگەڵ دەستەی حەشدی شەعبی لەدوای 30ی ئەیلوولەوە دەستپێدەکات. ئەو شرۆڤەکارە گوتی: "پرۆسەکە جیدییە، بەڵام کاتی دەوێ. ئەمە دوگمەیەک نییە کە دەستی پێدا بنێیت و هەموو شتێک کۆتایی بێت."
بە گوتەی حەیدەر بەرزنجی، هۆکاری دواکەوتنی پرۆسەکە لە رابردوودا بۆ "دۆخی ناوچەکە و ئەو هێرشانە دەگەڕێتەوە کە کرانە سەر عێراق."
ئەو شرۆڤەکارە ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرۆکوەزیرانی عێراق بە هاوئاهەنگی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، کار بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە دەکات و گوتی: "هیچ لایەنێک، نە حکومەت و نە بەرەی موقاوەمە، خوازیاری رووبەڕووبوونەوەی سەربازی نین، چونکە ئەمە زیان بە هەموو عێراق دەگەیێنێت."
مەرجەکان و رۆڵی هێزە بیانییەکان
یەکێک لە مەرجەکانی گرووپە چەکدارەکان بۆ رێکخستنەوەی چەکەکانیان، کشانەوەی هێزە بیانییەکانە. د. حەیدەر بەرزنجی گوتی: "ئەوان داوای کشانەوەی هەموو هێزێکی بیانی دەکەن. زانیاری هەیە کە تەنیا 100 سەربازی ئەمریکی ماون و داواکارییەکیش هەبوو بۆ هێشتنەوەی 50 راوێژکار، بەڵام سەرۆکوەزیران رەتی کردووەتەوە."
د. حەیدەر بەرزنجی ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆکوەزیران نامەی ئاراستەی تورکیا کردووە و جەختی لەسەر پێویستیی کشانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتەش لە خاکی عێراق کردووەتەوە. بە بڕوای ئەو شرۆڤەکارە، جێبەجێنەکردنی ئەم رێککەوتنانە دەبێتەهۆی راگرتنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەک "رێگەی گەشەپێدان".
ئێران و هەڵوێستی بەرامبەر پرۆسەکە
حەیدەر بەرزنجی رۆڵی ئێرانی لەم پرۆسەیەدا بە ئەرێنی ناوبرد و رایگەیاند، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەردانی بەغدای کردووە.
حەیدەر بەرزنجی گوتی: "ئێران ئامادەیی خۆی بۆ یارمەتیدانی حکومەتی عێراق نیشان داوە تاوەکو پرۆسەکە بەبێ هیچ پێکدادانێک بەڕێوەبچێ. لە بەرژەوەندیی ئێراندا نییە کە ناسەقامگیری لە عێراق دروست ببێت."
بە گوتەی حەیدەر بەرزنجی، بەرپرسانی ئێران جەختیان لەوە کردووەتەوە کە لە رێگەی "پەیوەندییە باشەکانیان لەگەڵ بەرەی موقاوەمە" دەتوانن هاوکاریی حکومەتی عێراق بکەن؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە "وەسیەت"ی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆچکردووی ئێران، بۆ ئەو گرووپانە ئەوەیە کە "پشتگیریی دەوڵەت و حکومەتی عێراق و سەرۆکوەزیران بکەن."
سەرچاوەی چەکی گرووپەکان
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە سەرچاوەی چەکی گرووپەکان، حەیدەر بەرزنجی گوتی، بەشێک لەو چەکانەیان لە شەڕی دژی داعش دەست کەوتووە و هەندێکی دیکەیشیان "خۆیان دروستی دەکەن." ئەو شرۆڤەکارە گوتی: "عێراق دەستەی پیشەسازیی سەربازی هەیە. ئێمە توانای دروستکردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیشمان هەیە."
سەبارەت بە بوونی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی لە جۆری "شاهید"، ئەو شرۆڤەکارە گوتی: "بەڵێ، هەیانە، بەڵام زۆربەیان کۆنن. ئێران بە فەرمی رایدەگەیێنێت کە لە چەند ساڵی رابردوودا هیچ چەکێکی نەداوەتە ئەو گرووپانە."
د. حەیدەر بەرزنجی گەشبینیی خۆی نیشان دا و گوتی: "کێشەکە چارەسەر دەبێت و ناگاتە رووبەڕووبوونەوە. بەشێکی زۆری گرووپەکان، وەک عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتائیبی سەید شوهەدا، هەنگاویان ناوە و بەرژەوەندیی وڵاتیان دەوێت."



