رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق فەرماندەییەکی نوێی بۆ چاودێریکردنی سنوورەکانی رۆژئاوای وڵاتەکە و سعودیە بەتایبەت پێکهێناوە. گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری دەڵێت، ئامانج لێی رێگریکردنە لە بەئامانجکردنی وڵاتانی دراوسێ.
رۆژی 22ـی ئابی 2026، لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی (بادییە) پێکهێندراوە و ئەمڕۆ لە یەکەم رۆژی ئەرکی خۆیاندا چوونە نزیک سنوورەکانی سعودیە و لەوێ جێگیردەبن.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق گوتی: "چوونی ئەو فەرماندەییە بۆ دڵنیابوونە لە پاراستنی سنوورەکانی باشوور و رۆژئاوای وڵاتەکە و رێگریی لە هەر هەوڵێک بۆ بەئامانجگرتنی وڵاتانی دراوسێ."
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی (بادییە) رۆژی 10ـی ئەم مانگە لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پێکهێندرا. حکومەتی عێراق دەڵێت، ئامانجی فەرماندەییەکە پاراستنی ئاسایشی بیابانەکانی موسەننایە.
بە گوتەی یەحیا رەسوول، شوێنی جێگیربوونی فەرماندەییەکە ناوچەی نوگرە سەلمانە لە پارێزگای موسەننا.
ناوچەی نوگرە سەلمان لەنێو جەرگەی بیابانی سەماوەیە و سەر بە قەزای سەلمانە لە پارێزگای موسەننا. ئەو ناوچەیە نزیکەی 80 کیلۆمەتر لە هێڵی سنووری سعودیەوە دوورە.

