رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی عێراق کردنەوەی گەورەترین ناوەندی بەرگدووری لەنێو گرتووخانەی ناوەندیی بابل راگەیاند و دەڵێ، ئامانج لێی راهێنانی پیشەیی زیندانیان و دابینکردنی سەرچاوەی داهاتە بۆ خێزانەکانیان.
ناوەندەکە دوێنێ شەممە بە سەرپەرشتیی خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق کرایەوە.
موراد ساعدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق، رۆژی یەکشەممە (23ـی ئابی2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمە یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانی راهێنانی پیشەیی لەنێو گرتووخانەکانی وڵات، تاوەکو گیراوان فێری کار بن و دوای ئازادبوونیان بتوانن تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە".
موراد ساعیدی گوتی: "ناوەندەکە ژینگەیەکی گونجاو بۆ فێربوون دەڕەخسێنێت و وا دەکات زیندانییان بە شێوەیەکی ئەرێنی کاتی خۆیان بەسەر ببەن؛" ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە بەرنامەی چاکسازیی وەزارەت.
موراد ساعدی رایگەیاند:"بەرهەمی دروستکراوی ئەم ناوەندە دەخرێتە بازاڕەوە و داهاتەکەی بۆ زیندانییان دەبێت؛" گوتیشی: "ئەم کارە یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی لەسەر شانی خێزانەکانیان و چەسپاندنی چەمکی چاکسازی لەرێگەی کار و بەرهەمهێنانەوە."
بە گوتەی موراد ساعدی، وەزارەتی داد ئامانجی ئەوەیە گرتووخانەکان لە شوێنی سزادانەوە بگۆڕێ بۆ ناوەندی بەرهەمهێنان و بەگەڕخستنی تواناکانی مرۆڤ.


