رووداو دیجیتاڵ
ئەم ساڵ 14.8 تۆن زێڕ هاوردەی عێراق کراوە، جگە لە هەرێمی کوردستان. بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، هاوردەکردنی زێڕ بۆ عێراق بە رێژەی زیاتر لە 50% کەمیکردووە. بەڕێوەبەری بەشی خشڵ لە دەزگای پێوانەسازیی عێراق هۆکارەکەی بۆ رەوشی ئەمنیی ناوچەکە و گۆڕانکاری لە رسووماتی گومرگی دەگەڕێنێتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 23ی ئابی 2026، عەلی کەریم، بەڕێوەبەری بەشی خشڵ لە دەزگای پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆریی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 14,796.641 کیلۆگرام زێڕ هاوردەی عێراق کراوە."
بەگوێرەی ئەو ئامارەی بەڕێوەبەری بەشی خشڵ بۆ رووداوی خستەڕوو، هاوردەکردنەکە لە رێگەی سێ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتییەوە بووە بەم شێوەیە:
یەکەم: فڕۆکەخانەی بەغدا؛ 13,549.991 کیلۆگرام
دووەم: فڕۆکەخانەی بەسرە؛ 1,046.313 کیلۆگرام
سێیەم: فڕۆکەخانەی نەجەف؛ 200.338 کیلۆگرام
لەبارەی کەرکووکەوە، هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە فڕۆکەخانەی کەرکووک، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم ساڵ هیچ بڕە زێڕێک لە رێگەی فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە هاوردە نەکراوە.
سەبارەت بە بەراوردکاریی بڕی هاوردەکراو لەگەڵ ساڵی رابردوو، عەلی کەریم ئاماژەی بەوە کرد کە هاوردەکردنی زێڕ بە رێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، چونکە لە هەمان ماوەی ساڵی 2025ـدا، بڕی 32,577.477 کیلۆگرام زێڕ هاوردە کرابوو.
بەڕێوەبەری بەشی خشڵ هۆکاری ئەم دابەزینە گەورەیەی بۆ جێبەجێکردنی پێناسەی نوێی گومرگی و دۆخی ئەمنیی ناوچەکە گەڕاندەوە.
ئامارەکانی ساڵی 2025 بۆ هەمان ماوە بەم شێوەیە بوون:
- فڕۆکەخانەی بەغدا: 24,501.697 کیلۆگرام
- فڕۆکەخانەی بەسرە: 3,307.526 کیلۆگرام
- فڕۆکەخانەی نەجەف: 4,768.254 کیلۆگرام
- فڕۆکەخانەی کەرکووک: 0.882 کیلۆگرام
سەبارەت بە هەولێر، حاجی هەژار قادر سورچی، بازرگانی زێڕ و زیو لە هەولێر، رۆژی یەکشەممە، 23ی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم ساڵ نزیکەی 2.5 تۆن زێڕ لە هەولێر بازرگانی پێکراوە، هاوردە و هەناردە کراوە".
ئەو بازرگانە روونیکردەوە: "یەک تۆن و 800 کیلۆ زێڕ هاوردەکراوە و نزیکەی 700 کیلۆش هەناردە کراوە. بەشی زۆری ئەوەی هاوردەکراوە زێڕی تێکچوو و شکاو بووە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دروست بکرێتەوە."
بەگوێرەی ئەو ئامارەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو، لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 1089 کیلۆگرام زێڕ لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی هاوردە کراوە، کە زۆرترین بڕی لە مانگی کانوونی دووەم بووە و 448 کیلۆگرام بووە، هەروەها مانگی شوبات 288 کیلۆگرام، مانگی ئادار 47 کیلۆگرام، مانگی نیسان 8 کیلۆگرام، مانگی ئایار 76 کیلۆگرام و مانگی حوزەیران 222 کیلۆگرام هاوردەکراوە.
هاوردەکردنی زێڕ تەنیا لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە دەبێت. سەرچاوەی سەرەکی هاوردەکردنی زێڕ لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە پلەی یەکەم ئیمارات و دواتر تورکیایە.


