رووداو دیجیتاڵ
روانگەی (عێراقی سەوز) بوونی نزیکەی 500 سەرچاوەی پیسبوون لەسەر رووباری دیجلە دەخاتەڕوو و دەڵێ، 5 پارێزگا زۆرترین کاریگەریی ئەم پیسبوونەیان لەسەرە. بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی بەغداش دەڵێ: "ئاوی خواردنەوەی بەغدا پاکە و هیچ کێشەیەکی نییە".
عومەر عەبدوللـەتیف، ئەندامی روانگەی (عێراقی سەوز)، ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی ئابی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، روانگەکەیان ئەمڕۆ لە راپۆرتێکدا پێشێلکارییە ژینگەییەکانی سەر رووباری دیجلەی بڵاوکردەوە، چونکە هێشتا پاشماوەی پیشەسازی، پزیشکی و ئاوی ئاوەڕۆی شارەکان بێ پاڵاوتن دەچێتە نێو رووبارەکەوە.
ئەندامەکەی روانگەی (عێراقی سەوز) ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر ئەو کێشە چارەسەر نەکرێ، لێکەوتەی زۆر خراپی بۆسەر تەندروستی هەمووان دەبێ.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، "زیاتر لە 500 سەرچاوەی پیسکەر هەن کە پاشماوەکەیان بە شێوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەڕژێتە نێو رووبارەکەوە. تەنیا لە بەغدای پایتەخت، 23 خاڵی پیسبوونی مەترسیدار هەن کە بریتین لەو بۆرییانەی ئاوی قورسی ئاوەڕۆ و پاشماوەی پزیشکیی نەخۆشخانەکان بەبێ پاڵاوتن دەبەنە نێو دیجلە."
بەگوتەی عومەر عەبدوللـەتیف، زۆرترین سەرچاوی پیسبوونەکە لە بەغدایە، بەو پێیەی نزیکەی 9 بۆ 10 ملیۆن دانیشتووی هەیە.
لە بارەی هەمان پرس، حامید خەزرەجی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی بەغدا، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئاوی خواردنەوەی بەغدا پاکە، هیچ کێشەیەکی نییە، 100٪ گونجاوە بۆ خواردنەوە، بەشێوەیەکی زانستی چارەسەری دەکەین و دەیپاڵێوین".
سەبارەت بە ئاوی رووباری دیجلە، حامید خەزرەجی گوتی، بەشێکی پسبوونەکەی بۆ خانووی زێدەڕۆ لە نزیک رووبارەکە لە دیالە و بەغدا و فڕێدانی پاشماوەی جۆراوجۆر بۆ نێو رووبارەکە دەگەڕێتەوە.
روانگەی (عێراقی سەوز) باس لەوە دەکات، رووباری دیالە گەورەترین سەرچاوەی گواستنەوەی مادە پیسەکانە بۆ نێو دیجلە.
سەبارەت بەو پارێزگایانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، بریتین لە بەسرە، بەغدا، واست، مەیسان و زیقار.



