رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دادگەی رەسافە لە بەغدا، لە "بەرژەوەندیی ئەوان" بڕیارێکی داوە و دوایین بڕیارەکانی دەستەکەی لە دژی ئەوان راگرتووە. دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراقیش دەڵێت، ئاگادارکراونەتەوە، کە بڕیارەکە دراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی ئابی 2026، کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ یەکشەممە دادگەی رەسافە فەرمانێکی سالاریی دەرکرد و بڕیارەکانی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقی دژی کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم بە شێوەیەکی کاتی راگرت، تاوەکو ئەو دۆسیەیە بە فەرمی لە دادگەدا یەکلایی دەبێتەوە".
`
لەو بارەیەوە جادر عەبدولوەهاب، بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندن لە دەستەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێمانگوتراوە فەرمانێک لە دادگاوە دەرچووە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەقەکەی بە دەستمان نەگەیشتووە".
رۆژی 19ی ئابی 2026، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق گشتاندنێکی "خۆپارێزی"ی ئاراستەی بەکارهێنەرانی سیمکارتی کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم کرد و داوای لێکردن، ئەو ژمارانەیان کە بۆ چوونە نێو ئەپلیکەیشنەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یان سەکۆ و خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان بەکاریان دەهێنن، رێکاری خۆپارێزی بگرنەبەر بۆ گەرەنتیکردنی بەردەوامیی دەستگەیشتنیان بە هەژمارەکانیان.
هەروەها دەستەکە داوای لە بەکارهێنەرانی کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم کردووە، هۆیەکانی جێگرەوە وەک ئیمەیڵ بەکاربهێنن بۆ ئەو ئەپلیکەیشنانەی ژمارەی کۆڕەکیان لەسەرە، ئەوەش وەکو ئاماژەدانێک بەوەی، بەهۆی سزاکانیانەوە چیدی رێگە نادەن کۆد لە سیمکارتی کۆڕەک تیلیکۆمەوە بگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنەرەکەی.
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، ئەمە رێکارێکی خۆپارێزییە و مانای ئەوە نییە بەکارهێنەرانی سیمکارتی کۆڕەک تێلیکۆم دەستبەرداری ژمارە تەلەفۆنەکانی ئێستایان بن یان هەڵیبوەشێننەوە.
پێشتر لە 9ی ئابی 2026دا، کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم رایگەیاندبوو، بەگوێرەی راسپاردەی لیژنەیەکی حکومی کە سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە ساڵی 2025دا رەزامەندی لەسەر داوە، بڕیار بووە پاکتاوکردن لەنێوانیاندا بکرێت و لە بەرامبەردا گرێبەستی کارکردن بە خزمەتگوزاریی نەوەی چوارەمیان پێ بدرێت، بەڵام تاوەکو 2ی حوزەیرانی ئەمساڵ چەند نووسراوێک لەنێوانیاندا ئاڵوگۆڕ کراون بەبێ ئەوەی بەربەستەکانی بەردەم واژۆکردنی گرێبەستەکە چارەسەر بکرێن، بەهۆیەوە دەستەکە گرێبەستی پاکتاوکردنەکەی هەڵوەشاندووەتەوە.
کۆڕەک تێلیکۆم رایگەیاندبوو، سەرۆکی جێبەجێکاری ئەو دەستەیە دەسەڵاتی ئەوەی نییە گرێبەستی پاکتاوکردنەکە هەڵبوەشێنێتەوە، کە لەلایەن دەسەڵاتێکی باڵاترەوە بڕیاری لەسەر دراوە.
کۆمپانیاکە داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد دەستوەردان بکات و ماف بۆ کۆمپانیاکەیان بگێڕێتەوە، هەروەها جەختی کردەوە لەوەی بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە مافەکانیان.


