رووداو ديجيتاڵ
پەرلەمانی عێراق لیژنەیەک بۆ چاوخشاندنەوە بە پێناسی نوێی گومرگی پێکدەهێنێت، بۆ ئەوەی هەرچی تێبینیی هەیە لەو بارەیەوە بە راپۆرتێک ئامادە بکرێ.
بڕیاری پێکهێنانی لیژنەکە لە کۆبوونەوەی 23ی ئابی 2026ی پەرلەمانی عێراق دراوە.
دووشەممە 24ى ئابى 2026 زیرەک زێباری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیاری پێکهێنانی ئەو لیژنەیە لەسەر بنەمای تێبینیی پەرلەمانتاران بووە لەبارەی پێناسی نوێی گومرگ لەرووی نرخەوە".
پێناسی نوێی گومرگ لە عێراق لە سەرەتای ئەم ساڵەوە دەست بە جێبەجێکردنی کرا، کە لە رێگەی سیستمی ئەسیکۆداوە بڕی گومرگ لە بازرگانان وەردەگیرێ و بڕی پارەی گومرگیی هەندێک لە کاڵاکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و زیاتر کراوە.
زیرەک زێباری رایگەیاند، بڕیارە بە راوێژی نێوان فراکسیۆنەکانی پەرلەمان ئەو لیژنەیە پێکبهێندرێ و دواتر راپۆرتێک لەبارەی تێبینییەکانیانەوە بدەنە سەرۆکایەتیى پەرلەمان.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە بڕیاری ژمارە 957 لە ساڵی 2025 پێناسی نوێی گومرگیی دانا، کە رێژەکەی لەنێوان 5% بۆ 30% دەبێت.




