رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بڕیارێکی لە بارەی سفرەکانی سەر دیناری عێراقی دەرکرد. لیژنەکە رایگەیاند، پرۆسەکە تەنیا چاپکردنی پارەی نوێ نییە، بەڵکو پێویستی بە گۆڕانکاریی ریشەیی هەیە لە کۆی سیستمی یاسایی و دارایی وڵاتدا. لیژنەکە پێنج خاڵی سەرەکیی وەک بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەستنیشان کرد.
دیلان غەفوور، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 24ی ئابی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، " ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق نووسراوی بۆ سەرۆکایەتی وەزیرانی عێراق کرد، داوایکرد دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای گۆڕینی دراو و لابردنی سفرەکان دوابخرێت، چونکە لابردنی سفرەکانی سەر دیناری عێراقی پێویستی بە یاسا و هەموارکردنی ژمارەیەک یاسای دیکە هەیە".
ئەم بڕیارەی لیژنەکە دوای ئەوە هات، رۆژی یەکشەممە، 23ی ئابی 2026، میوانداریی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقیان کردبوو بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی لێکردنەوەی سفر لە دراوی نیشتمانی.
بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامەیەی کە واژۆی عەدی عەواد حوسێن، سەرۆکی لیژنەی دارایی بە وەکالەتی لەسەرە، وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوە، لیژنەکە رایگەیاندووە، گۆڕینی شێوەی دراوەکە بەبێ سڕینەوەی سفرەکان لە دەسەڵاتی بانکی ناوەندییە، بەڵام "لابردنی سفرەکان" پێویستی بە یاسایەکی تایبەت هەیە، کە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات.
لیژنەی دارایی بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە: "گۆڕینی نرخ و لابردنی سفر لە دراوی عێراقی پێویستی بە دەرکردنی یاسایەک هەیە لەلایەن پەرلەمانەوە، چونکە ئەم هەنگاوە پێویستی بە هەموارکردنەوەی کۆمەڵێک یاسای دیکە هەیە کە پەیوەندییان بە سزای دارایی، پێژاردن و پابەندییە یاساییەکانەوە هەیە لە یاسای مەدەنی و بازرگانیدا."
لیژنەی دارایی پێنج خاڵی سەرەکیی وەک بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەستنیشان کرد، کە گرنگترینیان گۆڕینی بەهای ئەو گرێبەستانەیە کە لەگەڵ کۆمپانیا وەبەرهێنەکان واژۆ کراون، هەروەها جێگیرکردنی مافی قەرزدەر و قەرزوەرگرەکان لە کەرتی گشتی و تایبەتدا.
جگە لەمانە، لیژنەکە رایگەیاند کە پێویستە یاساکانی وەک "بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتیی دارایی تیرۆر" و یاسای "دەستەی دەستپاکیی" هەموار بکرێنەوە، تاوەکو لەگەڵ نرخە نوێیەکەدا بگونجێن.
لەبەر هەستیاریی بابەتەکە و ئەو کاریگەرییە گەورەیەی کە رەنگە لەسەر بازاڕ و مامەڵە داراییەکان دروستی بکات، لیژنەی دارایی بڕیاری داوە کە دەنگدان لەسەر ئەم پرۆژەیاسایە دوابخات.
لیژنەی دارایی پێشنیازی کردووە "دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای گۆڕینی دراو و لابردنی سفرەکان دوابخرێت، تاوەکو گفتوگۆی چڕوپڕ لەنێوان ئەنجوومەنی وەزیران، بانکی ناوەندی، وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پلاندانان دەکرێت، بۆ دیاریکردنی هەموو ئەو ئاڵنگارییانەی کە دێنە پێشمان."
ئەمە لەکاتێکدایە چاوەڕوان دەکرا، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، دەنگ لەسەر پرۆژەکە بدات، بەڵام کۆبوونەوە تەواو بوو، لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە هیچ ئاماژەیەک بەو پرسە نەکراوە.
ئەم هەنگاوەی پەرلەمان لە کاتێکدایە کە ساڵانێکی زۆرە لە عێراق باس لە لابردنی سێ سفر لەسەر دینار دەکرێت بۆ کەمکردنەوەی بارگرانیی مامەڵە داراییەکان و چاپکردنی دراوی نوێ، بەڵام هەمیشە ترسی ناجێگیریی ئابووری رێگر بووە لەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئێستاش لیژنەی دارایی دەیەوێت بە "رێکارێکی هێواش" و دوور لە پەلەکردن، بەرچاوڕوونیی تەواو بۆ ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە وەربگرێت.


