رووداو دیجیتاڵ
دانوستاندنی نێوان لیژنەیەکی سێ کەسیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ سێ گرووپی چەکداری، لەبارەی کۆنترۆڵکردنی چەک و رادەستکردنى، لەسەر میکانیزمى رادەستکردن و شێوازى کۆگەکردنی چەک ماوەتەوە، بە گوتەی یەکێک لە 12 سەرکردەکەى هاوپەیمانێتییەکە، پێشبینی دەکرێت بەر لە 30ی ئەیلوول، کە رۆژى کۆتایی ئەرکى هاوپەیمانانە لە عێراق، هەردوولا بگەنە رێککەوتن.
36 رۆژ ماوە بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە عێراق ، کە مەرجى بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانە بۆ رادەستکردنی چەکەکانیان.
عامر فایز، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەسمیم، کە یەکێکە لە 12 سەرکردەکەى پێکهێنەری هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەیەکی سێ کەسی دەستی بە کارەکانی کردووە و پەیوەندیی بە گرووپەکانی کەتیبەکانى حیزبوڵڵا، نوجەبا و کەتیبەکانى سەیدولشوهەدا کردووە، تاوەکو لەبارەی پرۆسەی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا گفتوگۆ بکەن، کە تاوەکو ئێستا بەشدار نەبوون لە سنووردارکردنى چەک.
ئەو لیژنە سێ کەسییەی کە دانوستاندن لەگەڵ ئەو گرووپە چەکدارانە دەکات پێکهاتوون لە نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان.
عامر فایز رایگەیاند، ئەوەی هێشتا ماوە رێککەوتنی لەبارەوە بکرێت، میکانیزمی رادەستکردنی چەک و هەڵگرتنێتی. ئاماژەی بەوەش کرد، پێشڤەچوونی ئەرێنى بەدی هاتووە و پێشبینی دەکرێت بەر لە 30ی ئەیلوول لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان بگەنە رێککەوتنی کۆتایی و گرووپەکانیش مەرجیان هەبووە، لەوانە کشانەوەی سەرجەم هێزە سەربازییە بیانییەکان بە سوپای تورکیاشەوە.
"سنووردارکردنی چەک" ناونیشانی ئەو پرۆسەیەیە کە عەلی فالح زەیدى ، سەرۆکوەزیرانى عێراق دەستى پێکردووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنى چەک، ئەوەش لە رێگەی رادەستکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان و تۆمارکردنیان و پچڕاندنی پەیوەندیی نێوان ئەو گرووپانە لەگەڵ لایەنە چەکدارەکانیان لە ناو حەشدی شەعبیدا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کە لە بەرپرسانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە دەستی کەوتووە، بڕیارە تاوەکو گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئەو سێ گرووپە چەکدارە لەبارەی رادەستکردنی چەک، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا لیژنە سێ کەسییەکە وردەکارییەکانی دانوستاندنەکانیان بخەنەڕوو.
حەیدەر فوئادی، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەی لیژنە سێ کەسییەکە لەگەڵ نوێنەری گرووپە چەکدارەکان بۆ گەیشتنە بە لێکتێگەیشتن، بە مەبەستی پاراستنی دەوڵەت و پرۆسەی سیاسی و سەقامگیریی وڵات، لەسەر بنەماکانی پاراستنی دەوڵەت و یەکخستنی ناوەندێتیی هێزە چەکدارەکان لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا.
تاوەکو ئێستا گروپەکانى سەرایا سەلام، کەتیبەکانى ئیمام عەلی و عەسائیبی ئەهلی حەق بڕیاریان داوە، کە لە سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بەشدار بن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چەکدارەکانیان لە حەشدی شەعبیدا بپچڕێنن.
حەیدەر فوئادی رایگەیاند، لیژنە سێ کەسییەکە گوێ لە تێڕوانین و تێبینیی گرووپە چەکدارەکان دەگرێت و پێشنیازی خۆیشیان پێدەدات، بەڵام تاوەکو ئێستا رێککەوتنی کۆتایی نییە و دیالۆگ بەردەوامە.




