رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خۆی ئامادە دەکات بۆ گەڕاندنەوەی دیپلۆمات و فەرمانبەرانی بۆ ئەو باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە پێش جەنگی ئێران و لە کاتی جەنگەکەدا لە ناوچەکە چۆڵی کردبوون. ئەم هەنگاوە وەک ئاماژەیەک دەبیندرێ بۆ ئەوەی ئیدارەی ترەمپ پێشبینی هەڵگیرسانەوەی جەنگێکی سەرتاسەری و فراوان ناکات.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە دەست رۆژنامەی نیویۆرک تایمز کەوتووە، پڕۆسەی گەڕاندنەوەی دیپلۆمات و ستافەکانیان و کەمکردنەوەی رێکارە نائاساییەکان لە باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەکانی ئەمریکا لەم هەفتەیەوە دەستپێدەکات. ئەم بڕیارە باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئیسرائیل، لوبنان، سعودیە، قەتەر، ئوردن، عومان و کوێت دەگرێتەوە.
وەزارەتی دەرەوە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بەپێی دوایین هەڵسەنگاندنەکانمان، ئێمە خەریکی گونجاندنی ژمارەی کارمەندانمانین لە هەندێک شوێنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئەوەی دەستەبەری بەردەوامیی ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بکەین، هاوکات پاراستنی سەلامەتیی کارمەندەکانمان لەبەرچاودەگرین."
دان شاپیرۆ، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە ئیسرائیل، پێی وایە ناردنەوەی دیپلۆماتەکان نیشانەی ئەوەیە کە ئیدارەی ترەمپ پێی وایە "جەنگەکە بەرەو کۆتایی دەچێت." ئەمە لە کاتێکدایە کە هێشتا دانوستاندنەکان لەگەڵ تاران وەستاون و هیچ پێشکەوتنێکیان بەخۆوە نەبینیوە.
لە 27ی مانگی شوبات، واتە تەنیا یەک رۆژ بەر لە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، واشنتن داوای لە بەشێکی زۆری ستافی باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەکانی دا ناوچەکە جێبهێڵن. دواتر بەهۆی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران و میلیشیا هاوپەیمانەکانی بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق، کوێت و سعودیە، زۆربەی باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەکان چۆڵکران و دیپلۆماتەکان لە ماڵەکانی خۆیانەوە کارەکانیان رادەپەڕاند.



