رووداو دیجیتاڵ
سەرباری تێپەڕبوونی زیاتر لە 100 رۆژ بەسەر دەستبەکاربوونی حکومەتەکەی، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هێشتا نەیتوانیوە کابینەکەی تەواو بکات و 9 وەزارەت بەبێ وەزیر ماونەتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی کاروباری هاووڵاتییان، کە یەکێکیان زیاتر لە ساڵێکە چاوەڕێی واژۆی وەزیر دەکات بۆ بەستنی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی.
حوسێن عەبدولموحسین، کاسبکارێکی دانیشتووی بەغدایە و دەڵێت، "داواکاریم پێشکێش کردووە بۆ تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی و تائێستا بۆم دەرنەچووە، پێم دەڵێن وەزیر نییە. زیاتر لە ساڵێکە، لەوانەیە دوو ساڵیش بێت، مووچەکەم بۆ نەبەستراوە. کەی وەزیر دادەنرێت؟ نازانین."
ناکۆکییە سیاسییەکان وایان کردووە تاوەکو ئێستا 9 وەزارەت لە کۆی 22 وەزارەتی کابینەی زەیدی بە وەکالەت بەڕێوەببرێن، کە دەکاتە زیاتر لە 40%ی وەزارەتەکان. پەرلەمانتاران داوا دەکەن پەلە لە یەکلاییکردنەوەی ئەو پۆستانە بکرێت.
سالم عەبساوی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سادیقوون لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "داوا لە بەڕێز سەرۆکوەزیران دەکەین پەلە بکات لە وەرگرتنی ناوی بەربژێرانی لایەنەکان تاوەکو کابینە وەزارییەکەی لە زووترین کاتدا تەواو ببێت، بۆ ئەوەی لێکەوتەی خراپی لێنەکەوێتەوە."
هاوکات سەلاح دلێمی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی عەزم ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتە بە وەکالەت بەڕێوەبراوەکان "گرنگ و هەستیارن" و "ئێمە لە قەیرانێکی گەورەی دارایی و ئابووریداین، پێویستە لانیکەم وەزارەتی پلاندانان کارا بکرێت، نەک بە وەکالەت بەڕێوەببرێت."
بەپێی دابەشکارییەکان، وەزارەتەکانی ناوخۆ، کار، خوێندنی باڵا و وەرزش و لاوان لە پشکی شیعە؛ بەرگری، پلاندانان و رۆشنبیری لە پشکی سوننە؛ ئاوەدانکردنەوە لە پشکی کورد و کۆچ و کۆچبەران لە پشکی کریستیانەکان، تاوەکو ئێستا بێ وەزیرن.


