رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەیاندنی عێراق، لەگەڵ دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی، رۆژانە بۆ 50 خولەک خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە هەموو پارێزگاکان رادەگرێ.
رۆژی سێشەممە، 25ی ئابی 2026، وەزارەتی گەیاندنی عێراق بڵاویکردەوە، لەسەر داوای وەزارەتی پەروەردە و بۆ رێگری لە هەر جۆرە گزیکردن و دزەپێکردنێکی پرسیارەکان، بڕیار دراوە لە رۆژانی تاقیکردنەوەکاندا ئینتەرنێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ببڕدرێت.
بەپێی بڕیارەکە، بڕینەکە رۆژانە لە کاژێر 06:20ی بەیانی دەستپێدەکات تاوەکو کاژێر 07:10ی بەیانی.
خشتەی رۆژانی بڕینی ئینتەرنێت:
- لە مانگی ئاب: رۆژانی 26، 27، 29، 30، 31.
- لە مانگی ئەیلوول: رۆژانی 1، 2، 3، 5، 6، 7، 8، 9، 10، 12.
وەزارەتی گەیاندنی عێراق داوای لە هاووڵاتییان، کۆمپانیاکان و دامەزراوەکان کردووە، رەچاوی ئەم کاتانە بکەن و کارەکانیان رێکبخەنەوە، تاوەکو پڕۆسەی تاقیکردنەوەکان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت.



