رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێ، بەهۆی بڵاوکردنەوەی چەند نەخشەیەک لەلایەن نوێنەرایەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە داوای روونکردنەوەی لە باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە بەغدا کردووە و ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو هەڵوێستانە لەگەڵ بەهێزیی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ناگونجێن.
رۆژی چوارشەممە 26ی ئابی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، شۆڕش خالید سەعید، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ کاروباری فرەلایەنە و کاروباری یاسایی، لە بارەگای وەزارەت "میوانداری" محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە بەغدا کرد.
وەک وەزارەتەکە دەڵێ، دیدارەکە تەنیا کۆبوونەوەیەکی ئاسایی دیپلۆماسی نەبوو، بەڵکو تایبەت بوو بە وەرگرتنی روونکردنەوە لەبارەی بڵاوکردنەوەی چەند وێنە و نەخشەیەک لە ماڵپەڕی باڵیۆزخانەکانی ئێران لە دەرەوە کە کاردانەوە و تێبینیی بەغدای لێکەوتووەتەوە.
بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق نیگەرانیی وڵاتەکەی گەیاندوەتە باڵیۆزی ئێران و رایگەیاندووە، بڵاوکردنەوەی ئەو نەخشانە و ئەو کۆمێنت و هەڵوێستانەی لەگەڵی بوون "لەگەڵ قووڵایی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ناگونجێن."
جگە لە پرسی نەخشەکان، دۆخی هەستیاری ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو. شۆڕش خالید سەعید جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی راوێژ و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو لایەن کردەوە، بەتایبەت لەم کاتەدا کە ناوچەکە بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ.
بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق پەیامێکی ئاراستەی لایەنی ئێرانی کردووە و رایگەیاندووە: "پێویستە کێشە و پرسە ناوچەییە هەڵپەسێردراوەکان لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکان و گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بکات."
عێراق و ئێران کە خاوەنی سنوورێکی درێژی وشکانی و پەیوەندییەکی مێژوویی و ئابووریی قووڵن، هەمیشە هەوڵیان داوە لە رێگەی لیژنە باڵاکانەوە هاوئاهەنگییەکانیان لە بوارە جیاوازەکاندا بپارێزن، بەڵام پرسی سنوورەکان و نەخشە سیاسییەکان جاروبار دەبنە مایەی دروستبوونی گرژیی کاتی.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا هەردوولا باسیان لە رێگەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کرد و جەخت کرایەوە سەر گرنگیی ئاڵوگۆڕی سەردانە فەرمییەکان و کاراکردنی هاوئاهەنگی لەنێو کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان. بریکاری وەزارەت و باڵیۆزی ئێران هاوڕابوون لەسەر پەرەپێدانی چوارچێوەی هاوکارییەکان لە بوارە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو گەل و وڵاتی دۆست بپارێزێت.
لای خۆیەوە، محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیدان بە هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاوازەکاندا نیشاندا. ئال سادق ئاماژەی بە قووڵایی پەیوەندییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد و گوتی: "بەردەوامیی دیدار و راوێژەکان لەبارەی دۆسیە هاوبەشەکان، کلیلی پاراستنی سەقامگیری و بەرژەوەندییەکانی هەردوولایە."
پرسی ناوی "کەنداو" لە نێوان "فارس" و "عەرەبی"دا تەنیا ناوێکی جوگرافی نییە، بەڵکو ململانێیەکی قووڵی مێژوویی، سیاسی و نەتەوەییە کە زۆرجار پەیوەندییەکانی بەغدا و تارانیش دەخاتە تاقیکردنەوە.
هەفتەی رابردوو، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران پێش سەردانەکەی بۆ عێراق وێنەیەکی خۆی بڵاوکردەوە، کە تێیدا نەخشەیەکی ناوچەکە لە پشتی دەردەکەوێ لەسەری نووسرابوو کەنداوی فارس. لە بەرامبەردا هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەهەمان شێوە وێنەیەکی خۆی بڵاوکردەوە لە نەخشتەکەی پشتی نووسرابوو کەنداوی عەرەبی. دواتر ئەمە کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە.


