رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی سێ سەرچاوەی ئەمنیی عێراق بۆ رووداو، تاوەکو ئێستا پێنج گرووپی چەکدار هەن ئامادەنین چەکەکانیان دابنێن؛ دیارترینیان کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، سەیدولشوهەدا و نوجەبان.
سەرچاوەکان دەڵێن، گرووپە چەکدارەکان پێشنیازی خۆیان بۆ چەکدانان گۆڕیوە و ئامادەنین گرووپەکانیان هەڵبووەشێننەوە.
ئەو سەرچاوانەی رووداو ئاماژەیان بەوە کرد، سەرەتا پێشنیازی گرووپە چەکدارەکان بۆ چەکدانان ئەوە بوو کە پڕۆژەیاسای خانەنشینی حەشد پەسند بکرێ و چەکدارەکانیان "بەشێوەی تاک" تێکەڵی حەشدی شەعبی بکرێن و بۆ ئەو بابەتە نەرمییان نواند، بەڵام دوای سەردانەکەی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، پێشنیازەکەی خۆیان گۆڕیوە.
ئەو سێ سەرچاوە ئەمنییەی رووداو رایانگەیاند، پێشنیازی نوێی ئەو پێنج گرووپەی کە ئامادەنین چەکەکانیان رادەست بکەن ئەوەیە کە "بۆ دوو ساڵ چەکەکانیان سڕبکەن و چالاکیی سەربازی بەتەواوی رابگرن"، بەڵام وەک گرووپ و پێکهاتەی سەربازی بمێننەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بە پلەی یەکەم و دواتر قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئەمنیی سەرۆکوەزیرانی عێراق وەک نێوەندگیرن لەنێوان حکومەت و گرووپەکان.
سەرچاوەکان باسیان لەوە کرد، دوای ئەوەی پێشنیازەکە گەیێندراوەتە حکومەتی عێراقی و دواتر لەڕێگەی باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە گەیێندراوەتە ئەمریکا، راستەوخۆ لەلایەن ئەمریکاوە رەتکراوەتەوە و بە "فێڵ" ناوبراوە.
پرۆژەیاسای خزمەت و خانەنشینیی حەشدی شەعبی لە ئابی 2023 لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پەسند کرا و رەوانەی پەرلەمان کرا بۆ دەنگدان لەسەری، بەڵام بەهۆی بوونی ناکۆکی لەسەر ناوەڕۆکی پرۆژەیاساکە و هەڕەشەکانی ئەمریکا، تاوەکو ئێستا پرۆژەیاساکە پەسند نەکراوە.
ئەو پرۆژەیاسایە ئامانجی رێکخستنی کاروباری کارگێڕی، دارایی و یاسایی ئەندامانی دەستەی حەشدی شەعبییە و هاوتاکردنی مافەکانیانە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی دیکەی عێراق وەک سوپا و پۆلیس.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئاڵوگۆڕی پێشنیازەکان گوتی: "حکومەتی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە لە بابەتی تێکەڵکردنی چەکدارانی گرووپەکان بە حەشدی شەعبی دوای پەسندکردنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی، بەڵام گۆڕینی پێشنیازەکە لەلایەن گرووپەکانەوە ئەو بابەتەی پەکخستووە."
پرسی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت یەکێکە لە بڕگە سەرەکییەکانی کارنامەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و چەندین جار باسی لەوە کردووە کە دەبێت دوای 30ـی ئەیلوول چەکی دەرەوەی یاسا نەمێنێت.
رۆژی 11ـی ئەم مانگەش، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ خالید عوبەیدی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان و ئەندامانی لیژنەکە، فەرمانی کرد بە دەرکردنی پرۆژەیاسایەک بۆ "سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت" و بەپێی رێکارە دەستوورییەکان ئامادە بکرێت.


