رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هۆشداری دەدات لە هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆ لە عێراق، ئەگەر گرووپە چەکدارەکان پابەندی بڕیاری چەکدانان نەبن. ئاماژە بەوەش دەکات، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رژدە لەسەر جێبەجێکردنی پرۆسەکە.
ئاسۆس عەلی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، لە بوولتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، ویستێکی بەهێز لەلایەن حکومەتی عێراق، بەتایبەتی سەرۆکوەزیرانەوە بۆ پرسی چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان هەیە و گوتی، "ئەوەی بووەتە بڕیار لە حکومەتی عێراقی و ئەوەی کە سەرۆکوەزیرانی عێراق مەبەستیەتی و زۆر جەختی لەسەر دەکاتەوە، بەردەوامبوونە لەسەر پرۆسەکە."
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، عەلی زەیدی پرۆسەکەی بە چارەنووسی کابینەکەیەوە گرێداوە، "تەنانەت ئەگەر ئەم پرۆسەیە سەرنەگرێ، لەوانەیە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستلەکاربکێشێتەوە. ئەوەش پێمان دەڵێت، ویستێکی بەهێز لەنێو حکومەتی عێراقیدا هەیە."
ئاسۆس عەلی گوتی، سەرەڕای نزیکبوونەوەی کاتی دیاریکراو، بەڵام گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی لەو ماوەیەدا ئەستەمە، "باوەڕ ناکەم بتوانین لەو کاتەدا ئەم پرۆسەیە بە تەواوی کۆتایی پێبێت. لەوانەیە چەند هەنگاوێکی ئاسایی بگیرێتەبەر، بەڵام ئەوەی کە بڵێین کۆتایی بە بابەتەکە هاتبێت، زۆر زۆر زەحمەتە."
یەکێک لە مەترسییە گەورەکان کە ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی پێکرد، ئەگەری پێکدادانی نێوخۆییە. ئاسۆس عەلی هۆشداریی دا، ئەگەر رێککەوتن نەکرێ، عێراق رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەبێتەوە، "یەکێک لە ئەگەرە زۆر بەهێزەکان دروستبوونی شەڕی نێوخۆییە لە عێراق... ئێستا مەترسییەکە لەوە زۆر زیاتر و گەورەترە، پێشبینی دەکەم ئەگەر بە رێگەیەکی گشتگیر هەموو لایەنەکان قسەیان لەسەر پرسەکە نەبێت، ئەگەری شەڕی ناوخۆ لەوانەیە لە هەموو ئەگەرەکان بەهێزتر بێت."
سەبارەت بە چارەسەر، ئاسۆس عەلی ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک و گوتی، "کۆمەڵێک پێشنیاز هەن. بۆ نموونە، رادەستکردنی چەک و تێکەڵکردنیان لەگەڵ هێزەکانی عێراق یان لەگەڵ حەشدی شەعبی یان دۆزینەوەی ناونیشانێکی جیاوازتر بۆ ئەم هێزانە. تاوەکو دواسات هەوڵی جیدی دەدرێت لەسەر ئەوەی کە نەگەینە شەڕی ناوخۆ."
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق روونیکردەوە کە سەرەڕای بوونی پشتیوانیی بەهێز بۆ سەرۆکوەزیران، بەڵام بڕیاری دەستبردن بۆ شەڕ ئاسان نییە و گوتی، "راستە زەیدی پشتیوانیی بەهێزی هەیە، پشتیوانیی گەورەیشی هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاسان نییە دەست ببات بۆ ئەوەی شەڕێکی نێوخۆ لە عێراقدا هەڵگیرسێنێت."
ئاسۆس عەلی باسی لە هەنگاوەکانی دیکەی حکومەتی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چاکسازیی ئابووری کرد و رایگەیاند، سەرۆکوەزیران رژدە لە پلانەکانی بۆ زیادکردنی داهاتی نانەوتی و چارەسەرکردنی کێشەی دارایی. بەپێی زانیارییەکانی ئەو پەرلەمانتارە، زەیدی بە وەزیری دارایی گوتووە کە تاوەکو مانگی 9 کێشەی مووچە چارەسەر بکات و پێی وایە "عێراق لە مانگی 9 بەدواوە کێشەی دارایی و دابەشکردنی مووچەی نامێنێت،" ئەگەر کێشە و گرفتی دیکە دروست نەبن.

.jpg&w=3840&q=75)
