رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی دروستبوونی گرژی و پێکدادان لە کاتی هەڵمەتێکی لادانی زێدەڕۆیی لە باشووری بەغدا، ئەفسەرێکی پۆلیسی عێراق بە پلەی عەمید و کارمەندێکی پۆلیسی فیدراڵی کورژان، هەروەها پێنج کەسیش بریندار بوون.
عەمید نیبراس عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی کەرخ لە بەغدا، رۆژی پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، بە رووداوی راگەیاند، پێکدادانێکی چەکداری لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و ژمارەیەک لە خاوەن خانووە زێدەڕۆکان لە ناوچەی "کەرارە" لە گەڕەکی دۆرە دروستبووە، ئەوەش لە کاتی جێبەجێکردنی هەڵمەتێک بۆ تێکدانی ئەو خانووانەی بە نایاسایی دروستکرابوون.
بەگوتەی عەمید نیبراس، لە ئەنجامی تەقەکاندا ئەفسەرێک بە پلەی عەمید، بە ناوی هیشام محەممەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەمیندارێتی بەغدایە، لەگەڵ کەسێکی دیکە کە کارمەندی پۆلیسی فیدراڵییە کوژراوە. هەروەها کارمەندێکی پۆلیسی فیدراڵی و چوار فەرمانبەری (ئەمیندارێتی بەغدا) بریندار بوون.
دوای رووداوەکە، هێزە ئەمنییەکان ناوچەی کەرارەیان بە تەواوی گەمارۆ داوە و رێگەکانیان داخستووە. هاوکات فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا گەیشتە شوێنی رووداوەکە بۆ چاودێریکردنی دۆخەکە و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە بۆ دەستگیرکردنی تەقەکەرەکان.



