رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هەریەک لە کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و شاندی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئامادە دەبن و لەلایەن دوو لیژنەی جیاوازەوە میوانداری دەکرێن.
عەلی خاڵس شێخ، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "ئەمڕۆ، لیژنەکەمان میوانداریی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم دەکات. دەمانەوێت لە نزیکەوە لە کێشە، گرفت و ئەو ئاڵنگارییانە بکۆڵینەوە کە رووبەڕووی کۆمپانیاکە بوونەتەوە."
وەک ئەوەی پەرلەمانتارەکەی لیژنەی گواستنەوە ئاماژەی پێدا، کێشەی نێوان کۆڕەک و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق (CMC) تەوەرێکی سەرەکی دەبێت. پەرلەمان دەیەوێت لە رێگەی جۆرێک لە هاوئاهەنگی، نێوەندگیری بکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو بنبەستە یاسایی و داراییەی لە نێوانیاندا دروستبووە.
پرۆسەی بەدواداچوونی لیژنەکە تەنیا کۆڕەک ناگرێتەوە، بەڵکو دووشەممە لەگەڵ کۆمپانیای (ئاسیاسێڵ) کۆبوونەوە و دواتریش لەگەڵ (زەین) کۆدەبێتەوە. پاشان وەزیری گەیاندنی عێراق و بەرپرسانی دەستەی (CMC) بانگهێشت دەکرێن بۆ ئەوەی وێنە گەورەکە بۆ پەرلەمان روون بێتەوە.
دادگەی تێهەڵچوونەوەی رەسافە بڕیاری دا ئەو فەرمانسالارییەی پێشووی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، کە بۆ راگرتنی رێکارەکانی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق لە دژی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە 23ـی ئاب دەرکرابوو.
بڕیارەکەی دادگە بۆ هەڵوەشاندنەوەی فەرمانسالارییەکەی پێشووی خۆی لەسەر بنەمای سکاڵایەک بووە، کە سەرۆکی جێبەجێکاری دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان پێشکێش بە دادگەی کردبوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی پێشووی. بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی فەرمانسالارییەکە، لەلایەن دادگەی تێهەڵچوونەوەی رەسافە لە 24ـی ئاب دەرچووە، کە رۆژێک دوای دەرکردنی فەرمانسالارییەکەی بووە.
رۆژی 19ـی ئابی 2026، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق گشتاندنێکی بۆ بەکارهێنەرانی سیمکارتی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بڵاوکردەوە و داوای لەو هاوبەشانە کرد، کە ژمارەکانیان لە ئەپڵیکەیشنەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یان سەکۆ و خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان بەکاردەهێنن، رێکاری خۆپارێزی بگرنەبەر بۆ گەرەنتیکردنی بەردەوامیی دەستگەیشتنیان بە هەژمارەکانیان و خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان.
رۆژەڤی دووەم کە راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی هاونیشتمانییانەوە هەیە، پرسی سووتەمەنی و نرخی بەنزینە لە هەرێمی کوردستان. سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی بەدواداچوون بۆ پرسی 50 هەزار بەرمیلەکەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە رووداوی راگەیاند: "کاژێر 12ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، میوانداریی شاندی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین. تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکەمان پرسی بەنزین و سووتەمەنی دەبێت بەگشتی."
ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە دوێنێ چوارشەممە، لیژنەکە لەسەر پرسی بەنزین و سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق کۆبووەوە. بەگوتەی سیپان شێروانی، لەوبارەوە دواتر راپۆرتێک ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دەکەن بۆ بڕیاردانی کۆتایی.
لیژنەی بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانتار عامر عەبدولجەبار و ئەندامێتیی حەوت پەرلەمانتاری دیکەیە بە ناوەکانی (جاسم عەتوان، سیپان شێروانی، عەلی شەداد، غالب محەممەد، کاوە عەبدولقادر، گوڵشەن محەممەد و محەممەد عەبوود).
هیوا مەلا ئادەم، پەرلەمانتاری رەوتی هەڵوێست بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێی راگەیاندوون هەرێمی کوردستان لەبەردەم دوو بژارەدایە: "رێگەی یەکەم ئەوەیە بەرهەمی ئەو 50 هەزار بەرمیلە وەک پارێزگاکانی دیکەی عێراقی لێ بکرێت و لیتری بەنزین بە 450 دینار بدرێتە هاونیشتمانییان. رێگەی دووەمیش ئەوەیە ئەو بڕە نەوتە رادەستی بەغدا بکرێت و لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵ سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات."
زیاتر لە دوو مانگە نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەرز بووەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی دیاریکراوە کە رۆژانە بپاڵێورێت بۆ بەرهەمەکانی نەوت کەمە و داوای لە حکومەتی فیدراڵ کردووە پشکەکەی بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان زیاتر بکرێت.
.jpg&w=3840&q=75)


