رووداو دیجیتاڵ
دوای کوژرانی ئەفسەرێکی پلەباڵا و کارمەندێکی ئەمنی لە کاتی هەڵمەتی تێکدانی خانووە زێدەڕۆکانی گەڕەکی دۆرە لە بەغدا، پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت و تەواوی لایەنە جێبەجێکارەکان پابەند دەکات بە هاوکاریکردنی لیژنەکە.
بەپێی نووسراوێک کە واژۆی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی لەسەرە و ئەمڕۆ 26ی ئابی 2026 دەرچووە، بڕیار دراوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە بۆ "دەرخستنی راستییەکانی ئەو رووداوە ئەمنییەی لە ناوچەی دۆرەی بەغدا روویدا، کە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەک ئەفسەر و کارمەندی وەزارەتی ناوخۆ."
بڕیارەکانی پەرلەمان چوار خاڵی سەرەکی لەخۆدەگرن:
- پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی پەرلەمان بۆ بەدواداچوونی وردی رووداوەکە.
- پابەندکردنی لیژنەکە بە پێشکێشکردنی راپۆرتی کۆتایی و دەستنیشانکردنی کەمتەرخەمەکان بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی.
- راگرتنی هەموو ئەو بڕیار و رێکارانەی پەیوەستن بەم بابەتە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە تاوەکو کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان.
- پابەندکردنی تەواوی دەزگا ئەمنی و جێبەجێکارەکان بە هاوکاری بێ مەرجی لیژنەکە و پێدانی زانیاری و بەڵگەنامەکان.
شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە رووداوی گوت: "ئەو کارە ئیشی لیژنەی پەرلەمانی نییە، دەبێت حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان پرۆسەکە تەواو بکەن."
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو پەرلەمانتارە، "بکوژەکە و شەش کەسی دیکە دەستگیرکراون."
رووداوەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە کاتی هەڵمەتێکی شارەوانی و هێزە ئەمنییەکان بۆ لادانی زێدەڕۆیی لە ناوچەی "کەرارە" لە گەڕەکی دۆرەی باشووری بەغدا روویدا.
عەمید نیبراس عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی کەرخ لە بەغدا، دوای رووداوەکە بە رووداوی راگەیاند: "پێکدادانێکی چەکداری لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و ژمارەیەک لە خاوەن خانووە زێدەڕۆکان دروستبوو، ئەوەش لە کاتی جێبەجێکردنی هەڵمەتی تێکدانی ئەو خانووانەی بە نایاسایی دروستکرابوون."
بەگوتەی عەمید نیبراس، لە ئەنجامی تەقەکەدا عەمید هیشام محەممەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەمیندارێتی بەغدا و کارمەندێکی پۆلیسی فیدراڵی کوژران، هەروەها پێنج کەسی دیکە بریندار بوون کە چواریان فەرمانبەری ئەمیندارێتی بەغدان.
دوای پێکدادانەکە، هێزێکی ئەمنی زۆر چووە ناوچەکە و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداش بە مەبەستی سەرپەرشتیکردنی لێکۆڵینەوە و دەستگیرکردنی تەقەکەرەکان گەیشتە شوێنی رووداوەکە.


.jpg&w=3840&q=75)
