رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی حقووق، کە باڵی سیاسی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەقە، بڕیاری دا یەکێک لە ئەندامانی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمانی عێراق دووربخاتەوە.
فراکسیۆنەکە لە راگەیێندراوێکدا کە 27ی ئابی 2026 بڵاوکراوەتەوە، بڕیاری دوورخستنەوەی محەممەد ئەبوو عیس موسەوی پەرلەمانتاری لە فراکسیۆنەکەی بڵاوکردووەتەوە.
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، لەسەر بنەمای فەرمانەکانی ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق (قەیس خەزعەلی) بۆ پابەندبوون بە ناوەندێتیی بڕیارەکان و دابە کۆمەڵایەتییەکان، بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتیی ئەو پەرلەمانتارەیان لە فراکسیۆنەکەیان داوە.
لە هەڵبژاردنی 2025ی پەرلەمانی عێراق لیستی حقووق 27 کورسی بەدەستهێنا، محەممەد ئەبوو عیس موسەوی لە بازنەی بەسرە 6469 دەنگی بەدەستهێناوە.
فراکسیۆنی سادقوون هۆکاری دوورخستنەوەی ئەو پەرلەمانتارەی گەڕاندووەتەوە بۆ "دووبارەبوونەوەی سەرپێچییەکانى".
دوایین کێشەی ئەو پەرلەمانتارە لەگەڵ ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە بووە لەبارەی دابەشکردنی زەوی و لە رێگەی راگەیێنراوەکانییەوە رەخنەی تووندی لێگرتووە.


