رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەم جار دەستەی ناوبژیوانی بۆ کۆمپانیاکان لە عێراق دروست دەکرێت، بۆ ئەوەی لایەنە ناکۆکەکان لە کاتی بوونی کێشەدا پەنای بۆ ببەن، پێش ئەوەی پەنا بۆ دادگا ببەن. دەستەکە لە یەک بۆ سێ ئەندام پێکدێت، کە بەگوێرەی رەزامەندیی لایەنە ناکۆکەکان دەبێت. بە گوتەی ئەندامێکی لیژنەی یاسایی، پێشتر لایەنە ناکۆکەکان پەنایان بۆ دەستەکانی ناوبژیوانی لە دەرەوەی عێراق دەبرد.
پڕۆژەیاساکە لە 24ی ئاب لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە. بەگوێرەی ناوەڕۆکەکەی، دەستەیەکی ناوبژیوانی دروست دەکرێت، کە لە ناوبژیوانێک یان زیاتر پێکدێت بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو کێشانەی کە دێنە بەردەم لایەنەکان.
ئامانج لەو یاسایە وەک لە پڕۆژەکەدا هاتووە، بوونی سیستمێکی یاساییە بۆ ناوبژیوانی کە هاوتای پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بێت بۆ ئەوەی بەخێرایی دۆسیەی کێشەدارەکان یەکلا بکرێنەوە.
عومەر کۆچەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوە یەکەم جارە دەستەی ناوبژیوانی لە عێراق پێکبهێنرێت و پێشتر نەبووە و کێشەکان براونەتە بەردەم دادگاکان."
سنووری دەسەڵاتی کارکردنی دەستەی ناوبژیوانی بریتی دەبێت لە: کێشەکانی ناو عێراق، ناوبژیوانیی بازرگانیی نێودەوڵەتی ئەگەر هەردوولای ناکۆکەکە رێککەوتن کە پەنای بۆ ببەن، هەر کێشەیەک کە لە پەیوەندیی یاسایی و گرێبەستی لە ناو عێراق دروست ببێت، یەکلاکردنەوەی گرێبەستەکانی حکومەت بەو مەرجەی ناوبژیوانیکردنەکە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ وەربگیرێت.
لە پڕۆژەیاساکەدا هاتووە کە حوکمەکانی یاسای ناوبژیوانی بەسەر ئەو بڕیارانەدا جێبەجێ نابێت، کە بەر لە دەرچوواندنی یاساکە لە شوێنی دیکە ناوبژیوانییان بۆ کراوە.
عومەر کۆچەر رایگەیاند، ئەو هەنگاوە بۆ دەرەوە و ناوخۆیە و وادەکات کۆمپانیا بیانییەکان هان بدرێن بۆ وەبەرهێنان لە عێراق، پێشتر کۆمپانیاکان لەو کێشانەی لە گرێبەستەکانیان هەبوو، پەنایان دەبرد بۆ دەستەی ناوبژیوانیی وڵاتانی دەرەوە.
رێککەوتنی ناوبژیوانی لەنێوان دوولایەن دەکرێت بەگوێرەی گرێبەستێک یان بەڵێننامەیەک بێت، کە ئاراستەی دەستەی ناوبژیوانی دەکرێت.
ئەگەر یەکێک لە دوولایەنی ناکۆک دۆسیەیەکی بردە بەردەم دادگا ، کە پێشتر رێککەوتوون لەبارەی ئەوەی لە دەستەی ناوبژیوانی یەکلا بکرێتەوە، نابێت لە دانیشتنی یەکەم ئەو سکاڵایە وەربگیرێت ئەگەر سکاڵالێکراوەکە رژد بێت لەسەر رێککەوتنی پێشووی نێوانیان بۆ ئەوەی لە دەستەی ناوبژیوانی کێشەکە یەکلا بکرێتەوە، ناکرێت سکاڵا تۆمار بکرێت تاوەکو رێکارەکانی دەستەی ناوبژیوانی لەبارەی هەمان پرس یەکلا نەبێتەوە، بەڵام یەکێک لە دوو لایەنە ناکۆکەکە بۆی هەیە داوا لە دادگایەکی تایبەتمەند بکات رێکارێکی کاتی و خۆپارێزی بگرێتەبەر پێش ئەوەی دەستەی ناوبژیوانی کێشەکە یەکلا بکاتەوە.
پڕۆژەیاساکە لە ساڵی 2024 لەلایەن حکومەتەوە نێردراوە بۆ پەرلەمان، بەڵام خوێندنەوەی یەکەمی دوو ساڵ دواخراوە.
بەگوێرەی پڕۆژەکە، دەستەی ناوبژیوانی لە یەک کەس پێکدێت ئەگەر هەردوولا رێککەوتنیان لەبارەیەوە کردبێت، ئەگەرنا دەکرێت بە سێ ناوبژیوان؛ هەر یەکەیان ناوبژیوانێک دیاری دەکەن و بەو دووانەش ناوبژیوانی سێیەم یەکلا دەکەنەوە، ئەگەرنا دادگایەکی تایبەتمەند ناوبژیوانی سێیەم یەکلا دەکاتەوە.
بۆ دادگەی تایبەتمەند هەیە بڕیارەکانی دەستەی ناوبژیوانی هەڵبوەشێنێتەوە ئەگەر پرسەکە لەرووی یاساییەوە لە دەسەڵاتی دەستەی ناوبژیوانی نەبێت، یان بڕیاری دەستەکە پێچەوانەی سیستمی گشتیی عێراق بێت.
بڕیارەکانی دەستەی ناوبژیوانی بۆ هەردوولایەنی ناکۆک جێگەی پابەندی دەبێت کە پێویستی بە راستاندنە لەلایەن دادگای تایبەتمەندەوە.




