رووداو دیجیتاڵ
کەناڵی فۆکس نیووزی ئەمریکی دەڵێت، تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی عێراق لە لایەن ئیدارەی ترەمپەوە خراوەتە لیستی گومانلێکراوانی تیرۆرەوە.
سزاکە گەشتکردن بۆ ئەمریکا لە خانمە بەرپرسەکەی حکومەتەکەی سوودانی قەدەخە دەکات.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە فۆکس نیووزی گوتووە، ئەم هەفتەیە وەزارەتەکەیان ڤیزەی تەیف سامی هەڵوەشاندووەتەوە.
ئەمە هەڵوێستێکی تەواو پێچەوانەی ئیدارەی بایدنە.
لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تەیف سامی بە "ژنە پۆڵایینەکە"ی عێراق ناوبرد، لە بەرامبەر ئەوەی کە گوایە، وێڕای هەڕەشەکان، رووبەڕووی بەرتیلدان و بەرپرسانی گەندەڵی عێراق بووەتەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ساڵی 2022 خەڵاتی "نێودەوڵەتیی ژنانی بوێر"ی بە تەیف سامی دا کە ئەوکات جێگری وەزیری دارایی عێراق بوو.
فۆکس نیووز ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا گومان دەکرێ تەیف سامی لە دەرەوەی عێراق بێت.
دیلان جۆنسن، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ پەیوەندییە گشتییە جیهانییەکان بە فۆکس نیووزی گوتووە: "لە کاتێکدا وەزارەتی دەرەوەی سەردەمی بایدن رووڕەشانە دەستخۆشی و خەڵاتی بەو بیانییانە دەدا کە هەڕەشە لە وڵاتەکەمان دەکەن، وەزارەتی دەرەوەی سەردەمی ترەمپ ڤیزەکانیان هەڵدەوەشێنێتەوە و دڵنیا دەبێتەوە لە کردنەدەرەوەی ئەو کەسانە لە وڵاتەکەمان."
کەناڵە ئەمریکییەکە روونی دەکاتەوە کە روون نییە کەی تەیف سامی خراوەتە لیستی گومانلێکراوانی تیرۆرەوە یان لەسەر بنەمای چ زانیارییەک ئەو بڕیارە دراوە.
بەڵام ماوەی زیاتر لە ساڵێکە، ناوبانگی تەیف سامی لەنێو بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ و کۆنگرێس دەستی بە هەڵوەرین کردووە.
چەند ئەندامێکی کۆماری، واتە پارتەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشتر تەیف سامییان تۆمەتبار کردبوو بەوەی لە رێگەی سیستمی دارایی عێراقەوە، پارەی بۆ تیرۆر دابین کردووە و داوایان لە ئیدارەی ترەمپ کردبوو، رێکاری لە بەرامبەر بگرێتە بەر.
ئەندامان جۆو ویڵسن، نوێنەری کارۆلاینای باشوور و گرێگ ستووب، نوێنەری فلۆریدا تەیف سامییان بە "یارمەتیدەری سەرەکیی پارەدارکردنی تیرۆر لە عێراق" ناوبردبوو و ئیدارەی ترەمپیان هاندا سزای بەسەردا بسەپێنێت.


