رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی عێراق لە لایەن ئێف بی ئایەوە خرایە لیستی گومانلێکراوانی تیرۆرەوە، ڤیزەکەی هەڵوەشێنرایەوە و لە ئەمریکا نەماوە.
سزاکە گەشتکردن بۆ ئەمریکا لە خانمە بەرپرسەکەی حکومەتەکەی سوودانی قەدەخە دەکات.
لە راگەیێندراوێکدا کە پێش بڵاوکردنەوەی بۆ رای گشتی سەرەتا وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردرا، دیلان جۆنسن، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ پەیوەندییە گشتییە جیهانییەکان دەڵێت، ئەم هەفتەیە وەزارەتەکەیان ڤیزەی تەیف سامی هەڵوەشاندووەتەوە.
ئەمە هەڵوێستێکی تەواو پێچەوانەی ئیدارەی بایدنە.
لە دەقی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڤیزەی عێراقییەکی هەڵوەشاندەوە کە لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا خەڵات کرابوو گوایە رۆڵی لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و داکۆکیکردن لە 'یەکسانیی رەگەزی'دا هەبووە."
دەشڵێت: "تەیف سامی محەممەد لە ساڵی 2022 لە لایەن ئەنتنۆی بلینکن، وەزیری پێشووی دەرەوە و جیڵ بایدن، خانمی پێشووی یەکەمەوە خەڵاتی نێوەدەوڵەتی ژنانی بوێری پێدرابوو."
ئەو کات تەیف سامی جێگری وەزیری دارایی عێراق بوو.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ئێستا تەیف سامی لە ئەمریکا نییە. دەشڵێت: "ئێستا ڤیزەی ئەو کەسە عێراقییە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەوە هەڵوەشێنرایەوە دوای ئەوەی لە لایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕالیی (ئێف بی ئای)ـەوە خرایە لیستی گومانلێکراوانی تیرۆرەوە."
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ پەیوەندییە گشتییە جیهانییەکان جەخت دەکاتەوە: "لە سەردەمی سەرۆک ترەمپ و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەدا، تیرۆرستە گومانلێکراوەکان هەرگیز ناتوانن لە ئەمریکا بمێننەوە."
ماوەی زیاتر لە ساڵێکە، ناوبانگی تەیف سامی لەنێو بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ و کۆنگرێس دەستی بە هەڵوەرین کردووە.
چەند ئەندامێکی کۆماری، واتە پارتەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشتر تەیف سامییان تۆمەتبار کردبوو بەوەی لە رێگەی سیستمی دارایی عێراقەوە، پارەی بۆ تیرۆر دابین کردووە و داوایان لە ئیدارەی ترەمپ کردبوو، رێکاری لە بەرامبەر بگرێتە بەر.
ئەندامان جۆو ویڵسن، نوێنەری کارۆلاینای باشوور و گرێگ ستووب، نوێنەری فلۆریدا تەیف سامییان بە "یارمەتیدەری سەرەکیی پارەدارکردنی تیرۆر لە عێراق" ناوبردبوو و ئیدارەی ترەمپیان هاندا سزای بەسەردا بسەپێنێت.



