رووداو دیجیتاڵ
کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا کە یەکێکە لە گرووپە دیارەکانی نێو "موقاوەمەی ئیسلامیی عێراق"، لە راگەیێندراوێکدا ئامادەیی خۆی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت نیشان دەدات، بەڵام ئەوە دەبەستێتەوە بە جێبەجێکردنی 10 مەرجی سەرەکی کە بەشێکیان راستەوخۆ پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێوە هەیە.
ئەمڕۆ شەممە 29ی ئابی 2026، ئەمیندارێتیی گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، هەڵگرتنی چەک لەلایەن ئەوانەوە بڕیارێکی ئارەزوومەندانە نەبووە، بەڵکو "بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان ودەرئەنجامی بارودۆخ و پێویستییەک بووە کە ئاڵنگارییە واقیعییەکان سەپاندوویانە."
گرووپەکە رایدەگەیێنێت، ئەگەر مەرجەکانیان جێبەجێ بکرێت، چەکەکەیان تێکەڵی دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکەن و دەڵێن، "ئەگەر ئەو پاساوانە نەمێنن، پێویستییەکەش نامێنێت، رەنگە (چەکەکە) بگەڕێتەوە، کاتێک پێویستی وا بخوازێت، ئەو کاتەش هیچ هێزێک نییە کە رێگری لێبکات."
دەقی مەرجەکانی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا بۆ چەکدانان:
- کشانەوەی تەواوەتی داگیرکاریی ئەمریکا لە عێراق بە وشکانی، دەریایی و ئاسمانی و کۆتاییهێنان بە بوونیان لەژێر هەر ناونیشانێکدا بێت.
- پەسندکردنی یاسای حەشدی شەعبی بە جۆرێک کە مافی موجاهیدەکانی و شەهید و بریندارەکانی بپارێزێت و شکۆیان پارێزراو بێت.
- سەپاندنی سەروەریی تەواوەتی هێزە ئەمنییە فیدراڵییەکان بەسەر هەموو بستێکی خاکی عێراقدا، لە ئەوپەڕی باکوورەوە تاوەکو ئەوپەڕی باشوور.
- سەپاندنی سەروەریی دەوڵەت بەسەر ئاسمانی عێراقدا لە رێگەی بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانی بە سیستمێکی پێشکەوتوو کە تەنیا بە بڕیاری عێراق کار بکات، بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک.
- دەرکردنی شەڕڤانانی پەکەکە لە خاکی عێراق بە شێوەیەکی کۆتایی، بۆ کۆتاییهێنان بە پاساوەکانی هێرشی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق.
- دەرکردنی سەربازانی تورکیای بڵاوەپێکراو لە باکووری عێراق و کشانەوەیان بۆ ناو سنوورەکانی تورکیا.
- کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان لەلایەن سوپای عێراقەوە و وەک ئەرکێکی سەروەریی سوپا سەیر بکرێت، لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی هەموو دەروازە سنوورییەکان و بەڕێوەبردنیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە.
- دەرکردنی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە خاڵەکانی جێگیربوونیان لە باکووری عێراق، بۆ ئەوەی خاکی عێراق نەبێتە بنکەیەک بۆ هێرشی وشکانی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ.
- کارکردن بۆ رزگارکردنی بڕیاری دارایی و ئابووریی عێراق لە هەژموونی ئەمریکا، بۆ بەدیهێنانی ئەو بنەمایەی کە مەرجەعییەتی باڵا داوای دەکات کە عێراق ببێتە خاوەنی سەروەری خۆی.
- کارکردن بۆ رزگارکردنی بڕیاری سیاسی لە هەژموونی ئەمریکی و کۆتاییهێنان بە (بیدعەی نێردەی تایبەتی داگیرکاریی ئەمریکا لە عێراق) و راگرتنی دەستوەردانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کاروباری ناوخۆدا.
کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم مەرجانە بۆ پاراستنی "بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانە" و تەنیا بە جێبەجێکردنی ئەو مەرجانە ئامادەن چەکەکانیان دابنێن.
کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، کە بە فەوجی 14ـی حەشدی شەعبی دەناسرێت و لەلایەن ئەبو ئالا وەلائییەوە سەرکردایەتی دەکرێت، گرووپێکی چەکداری شیعەی نزیک لە ئێرانە و لە ساڵی 2013ـەوە وەک لقێکی جیابووەوە لە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا دامەزراوە.
.jpg&w=3840&q=75)

