رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ پاراستنی سامانی گشتی، فەرمانیکرد یاسای پاداشتکردنی ئەو کەسانە کارابکرێت کە زانیاری لەسەر کەیسەکانی گەندەڵی ئاشکرادەکەن. سەرۆکی دەستەی دەستپاکیش رایدەگەیەنێت، وردبینی لە گرێبەستەکانی هەشت وەزارەت کۆتاییهاتووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی شەممە 29ـی ئابی 2026، عەلی فالح زەیدی سەردانی بارەگای دەستەی دەستپاکی فیدراڵی کرد و لەگەڵ محەممەد عەلی لامی، سەرۆکی دەستەکە کۆبووەوە.
زەیدی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، شەڕی گەندەڵی شەڕێکی گەورەیە و دەستەی دەستپاکی "بەرەی پێشەوەی" ئەو شەڕەیە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانیکرد کە رۆڵی دەستەکە تەنیا لە چاودێریکردندا کورتنەکرێتەوە، بەڵکو لایەنی "رێگریی پێشوەختە" بگرنەبەر بۆ رێگری لە گەندەڵی. زەیدی جەختی لەسەر هاوئاهەنگیی نێوان پارێزگاکان و وەزارەتەکان کردەوە بۆ ئەوەی هیچ کەلێنێک بۆ گەندەڵکاران نەمێنێتەوە.
یەکێک لە بڕیارە هەرە گرنگەکانی سەرۆکوەزیران، کاراکردنی یاسای پاداشتکردنی ئەو کەسانە بوو کە زانیاری لەسەر گەندەڵی دەدەن. ئەم هەنگاوە وەک هاندانێک بۆ هاووڵاتییان و فەرمانبەران دەبینرێت تاوەکو چاوپۆشی لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی نەکەن. زەیدی داوایکرد راپۆرتی مانگانە و وەرزی لەسەر ئاستی جێبەجێکردنی ئەم رێکارانە پێشکێشبکرێت.
بۆ چاودێریی وردتری پرۆژەکان، سەرۆکوەزیران سیستەمێکی نوێی دیاریکرد کە تێیدا پرۆژەکان بەپێی قەبارە و تێچووەکانیان بەسەر سێ ئاستدا دابەشدەکرێن: پرۆژە گەورەکان، پرۆژە مامناوەندەکان و پرۆژە بچووکەکان. ئامانج لەم پۆلێنبەندیکردنە چڕکردنەوەی هەوڵە چاودێرییەکانە، بەتایبەت لە دەروازە سنوورییەکان کە وەک ناوچەی هەستیار بۆ گەندەڵی دەبینرێن.
لە لایەکی دیکەوە، محەممەد عەلی لامی، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، سوپاسی پشتیوانییەکانی سەرۆکوەزیرانی کرد و رایگەیاند، تیمە مەیدانییەکانیان دەستیان بە وردبینی لە گرێبەستەکانی وەزارەتەکان کردووە و تاوەکو ئێستا وردبینی بۆ هەشت وەزارەت کۆتاییهاتووە.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەشکرد، کە "ستراتیژیی نیشتمانی بۆ دەستپاکی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی" تاوەکو ساڵی 2030 ئامادەکراوە، کە وەک نەخشەڕێگەیەکی درێژخایەن بۆ پاراستنی دارایی دەوڵەت و وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی کاردەکات.



