رووداو دیجیتاڵ
بۆنێکی ناخۆش و دووکەڵێکی چڕ ئاسمانی بەشێکی بەغدای پایتەختی گرتووەتەوە و هۆشداریی تووند لەبارەی تێکچوونی باری تەندروستیی هاووڵاتییان دەدرێت. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغداش رایدەگەیێنێت، ئەمینداریەتیی بەغدا لە چارەسەرکردنی ئەم گرفتەدا "دەستەوەستانە."
عومەر عەبدولەتیف، ئەندامی روانگەی عێراقی سەوز، رۆژی یەکشەممە 30-08-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی ئەم بۆنە ناخۆشە بۆ سووتاندنی سووتەمەنیی قورس دەگەڕێتەوە کە رێژەیەکی بەرزی گۆگردی تێدایە و لە وێستگەکانی کارەبا و پاڵاوگەکاندا بەکاردێت. هەروەها سووتاندنی پلاستیک و خاشاک لە دەوروبەری پایتەخت گرفتەکەی قووڵتر کردووە.
بەگوێرەی چاودێرییەکانی روانگەی عێراقی سەوز، ئەم دۆخە مەترسیی جیدی بۆ سەر تەندروستیی گشتی دروست کردووە. عومەر عەبدولەتیف ئاماژەی بەوە کرد کە حاڵەتەکانی هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە و تەنگەنەفەسی لەنێو منداڵان و بەساڵاچوواندا رووی لە زیادبوون کردووە.
ناوبراو تیشکی خستە سەر دیاردەی "پێچەوانەبوونەوەی گەرمی" و گوتی: "ئەم دیاردەیە بووەتە هۆی قەتیسمانی گازە ژەهراوییەکان لە نزیک رووی زەوی، بەتایبەتی لە کاتەکانی شەو و بەیانیانی زوودا، ئەمەش وادەکات خەڵک راستەوخۆ ئەو گازانە هەڵبمژن."
لەلایەکی دیکەوە، عامر داود فەیلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، بە رووداوی راگەیاند کە سەرەڕای پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش، بەڵام گرفتەکە چارەسەر نەکراوە. ئەو هۆکارەکەی بۆ بوونی ژمارەیەکی زۆری کارگەی بێ مۆڵەت لە ناوچەی (نەهرەوان)، مۆلیدە ئەهلییەکان و خراپیی کوالێتیی گازی ئۆتۆمبێلەکان گەڕاندەوە.
عامر داود فەیلی رەخنەی لە دامەزراوە حکومییەکان گرت و گوتی: "هەر لایەنێک گرفتەکە دەخاتە ئەستۆی لایەنەکەی دیکە، بەڵام بە پلەی یەکەم ئەمینداریەتیی بەغدا بەرپرسە لە نەدۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ ئەم پاشماوە و گازانە."
روانگەی "عێراقی سەوز" داوای لە حکومەت کرد چەند رێکارێکی دەستبەجێ بگرێتەبەر، لەوانە:
- راگرتنی بەکارهێنانی سووتەمەنیی بێ کوالێتی لەو کارگانەی لە ناوچە نیشتەجێبوونەکانەوە نزیکن.
- داخستنی ئەو شوێنانەی بە شێوەیەکی هەڕەمەکی زبڵ و خاشاک دەسووتێنن.
- کاراکردنی ئامێرەکانی چاودێریی ژینگەیی و ئاشکراکردنی ئاستی پیسبوونی هەوا بۆ رای گشتی بە شێوەیەکی شەفاف.


