رووداو دیجیتاڵ
هەردوو ئەنجوومەنی پیشەیی چاودێری و وردبینیی ژمێریاریی بەغدا و هەولێر لەسەر سنووری دەسەڵاتیان رێککەوتن، بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئەنجوومەنەکەی حکومەتی فیدراڵی ناتوانێت وردبینی ژمێریاریی کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان بکات.
ئەو رێککەوتنە لە کۆنووسی کۆبوونەوەیەکی نێوانیان ئامادەکراوە کە لە 16ی ئاب لە بەغدا کراوە و وردەکارییەکەی بە نووسراوی فەرمی بۆ بانکی ناوەندیی عێراق نێردراوە.
بەگوێرەی کۆنووسەکە هەردوو ئەنجوومەنەکە گەیشتوونەتە ئەوەی، ئەنجوومەنی پیشەیی چاودێری و وردبینیی سەر بە حکومەتی فیدراڵی تەنیا لە سنووری بەغدا و پارێزگاکانی سەر بە حکومەتی فیدراڵی کار بکەن و ئەو کۆمپانیایانە ناگرێتەوە کە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو پرسە بە رووداوی گوت: "پێشتر رێگە نەدەدرا ژمێرکارانی سەر بە ئەنجوومەنەکەی هەرێمی کوردستان وردبینی بۆ ژمێریاریی کۆمپانیاکان لە عێراق بکەن، بەڵام ژمێرکارى ئەنجوومەنەکەی عێراق لە هەرێمی کوردستان ئەو کارەی دەکرد."
بەگوێرەی نووسراوەکە بێت، سنووری دەسەڵاتی ژمێرکارانی هەردوو ئەنجوومەنەکە یەکلا بووەتەوە، کە لە سنووری ناوچەکانی خۆیاندا دەبێت.
هەردوو ئەنجوومەنی پیشەیی چاودێری و وردبینیی ژمێریاریی بەغدا و هەولێر، هەر یەکێکیان بەگوێرەی رێکار و رێنمایی جیاواز کار دەکەن؛ ئەوەی بەغدا لە ساڵی 1999 دەرچووە و کاری پێدەکرێت، ئەوەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2020 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە دەرچوێنراوە.
لە خاڵێکی دیکەی نووسراوەکەدا هاتووە، کە پەسندکردن و واژۆ و مۆری ژمێرکاران لە دەسەڵاتی تایبەتیی حکومەتی فیدراڵی نییە، کە لە ماددەی 115ی دەستووردا دیاریکراوە بەوەی ئەو دەسەڵاتانەی تایبەت بە حکومەتی فیدراڵی نەبن، دەبنە دەسەڵاتی هەرێمەکان و پارێزگا رێکنەخراوەکان لە چوارچێوەی هەرێمێکدا.
هەردوو ئەنجوومەنەکە رێککەوتوون، بۆ ئەوەی چالاکیی بازرگانی بەگوێرەی رێکاری یاسایی و دەستووری بەردەوام بێت، کاری ئەنجوومەنی پیشەیی چاودێری و وردبینیی ژمێریاری لە بەغدا رێکبخرێتەوە بۆ ئەوەی لە سنووری دەسەڵاتی ناوچەکانی خۆیدا کارەکانی بکات، هەمان رێکاری درێژکردنەوەش بۆ ئەنجوومەنەکەی هەرێمی کوردستان بکرێت بۆ ئەوەی لە ناوچەکانی سنووری دەسەڵاتیدا کارەکانی بکات.
لە نووسراوەکەدا کە لەلایەن نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاراستەی بانکی ناوەندی کراوە، تێیدا داوا لەو بانکە کراوە کە لە چاودێریی ژمێریاری لە هەرێمی کوردستاندا پشت بەو کۆنووسە ببەسترێت، کە لەلایەن هەردوولا ئەنجوومەنەکەوە واژۆ کراوە.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە بەغدا بە رووداوى راگەیاند، ئەو هەنگاوە وا دەکات خاوەنى کۆمپانیاکان لە هەرێمى کوردستان ئاسانتر دەستیان بە دۆلارى بانکى ناوەندى بگات بە نرخى فەرمى بۆ هاوردەکردنى کاڵا.



