رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە قەدەخەکردنی هاوردەکردنی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی کە لە نێوخۆدا بەرهەم دەهێندرێن؛ هەروەها رەشنووسی یاسای (دەستەی خۆراک و دەرمان)ی پەسندکرد.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 1ی ئابی 2026 عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی 17ـەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیران کە ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی ئەیلوولی 2026 بڵاوکرایەوە، لە کۆبوونەوەکەدا چەندین پڕۆژە و بڕیار تاوتوێ کران.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکوەزیرانی بۆ دابینکردنی یەک ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوون تاوتوێ کرد. ئەم پڕۆژەیە کە خزمەتگوزارییەکانی ژێرخانی بۆ دابین دەکرێ، وەک ستراتیژییەتێکی نوێ بۆ نەهێشتنی قەیرانی نیشتەجێبوون و رەخساندنی دەرفەت بۆ چینە کەمداهاتەکان سەیر دەکرێ.
حکومەت رایگەیاندووە، لە رێگەی مۆدێلی ئابووریی نوێ و هاوئاهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت، دەیەوێ ئەم پڕۆژەیە لە هەموو پارێزگاکانی عێراق جێبەجێ بکات، ئەمەش وەک پابەندبوونێک بەو بەرنامەیەی حکومەتەکەی سوودانی لە 30ی حوزەیرانی 2026 رایگەیاند.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا راسپاردەی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری پەسند کرا. بڕیاردرا بە قەدەخەکردنی هاوردەکردنی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێندرێن و ئەم قەدەخەکردنەش تاوەکو کۆتاییهاتنی وەرزیبەرهەمهێنانی ناوخۆیی بەردەوام دەبێت.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە جووتیاران داوایان دەکرد بەرهەمەکانیان لە رکابەریی کاڵای بیانی بپارێزرێ، کە زۆرجار دەبووەهۆی دابەزینی نرخی بەرهەمە ناوخۆییەکان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا رەزامەندیی درا لەسەر رێکخستنەوەی ئەو پڕۆژانەی لەلایەن بانکی نێودەوڵەتییەوە بۆ ئەمینداریەتیی بەغدا پارەدار دەکرێن، کە تایبەتن بە "باشترکردنی دابینکردنی ئاو و سیستمی ئاوەڕۆی شاری بەغدا". وەزارەتی پلاندانانیش راسپێردرا بۆ وردبینیکردن لە زانیارییەکان و رێژەی جێبەجێکردنی کارەکان.
هەروەها رەشنووسی یاسای (دەستەی خۆراک و دەرمان) پەسندکرا کە لەلایەن ئەنجوومەنی دەوڵەتەوە وردبینیی بۆ کرابوو و بڕیار درا رەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ پەسندکردنی.
هەروەها بڕیادرا وەزارەتی پەروەردەی عێراق مۆڵەتی دامەزراندن بە "قوتابخانەی ئەمریکیی نێودەوڵەتیی ئەهلی" لە بەغدا بدات، بە مەرجێک هەموو پێداویستییە یاسایی و زانستییەکانی ناو سیستم و رێنماییەکانی خوێندنی ئەهلی و بیانی جێبەجێ بکات، کە بەپێی یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2013 رێکخراوە.
