رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆمەڵێک بڕیاری بۆ ئاسانکاری و خێراکردنی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی نیشتەجێبوون دەرکرد؛ سەرۆکی لیژنەی سەرپەرشتیاری پڕۆژەکەش دەڵێت: "دەسپێشخەرییەکە بە هەموو قۆناخەکانییەوە بێبەرامبەرە".
رۆژی چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، ئیحسان عەوادی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی لیژنەی باڵای دەسپێشخەریی "وەتەن"، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، حکومەت لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە (1ـی ئەیلوول)دا رێکارەکانی گواستنەوەی خاوەندارێتیی زەوییە حکومییەکانی بۆ سەر میلاکی شارەوانییەکان پەسند کردووە، تاوەکو پڕۆسەی دابەشکردنی یەک ملیۆن زەوی خێرا بکرێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، حکومەت مۆدێلێکی نوێی ئابووری و یاسایی بۆ وەبەرهێنەران پەسند کردووە؛ بە جۆرێک وەبەرهێنەران دەتوانن وەک "بەخشەر" یان "بەشدار" لە بونیادنانی ژێرخانی ئەو زەوییانەدا (وەک ئاو، کارەبا و رێگاوبان) بەشدار بن، ئەمەش بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەیە کە لە دوو دەیەی رابردوودا رێگر بوون لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی هاوشێوە.
ئیحسان عەوادی دوو خاڵی بۆ هاووڵاتییان روونکردەوە، مانگی داهاتوو بە فەرمی ئەپڵیکەیشن و لینکی ناونووسین بۆ وەرگرتنی زەوی دەکرێتەوە و وردەکارییەکانی بڵاودەکرێنەوە، هەروەها ئەم دەسپێشخەرییەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە هەموو قۆناخ و رێکارەکانیدا بە "تەواوی بێبەرامبەرە" و هیچ پارەیەک لە هاووڵاتییان وەرناگیرێت.