رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گەیاندنی عێراق کۆمەڵێک بڕیاری نوێی بۆ رێکخستنەوەی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت دەرکرد؛ نرخی ئینتەرنێتی فەرمانگە حکومییەکان 40% کەمدەکرێتەوە و بۆ ئەو هاووڵاتییانەشی ئینتەرنێتی کێبڵی (FTTH) بەکاردەهێنن، خێراییەکەی بە هەمان رێژە زیاد دەکرێت.
مستەفا سەنەد، وەزیری گەیاندنی عێراق رایگەیاند، رێنماییمان داوە بە دابەزاندنی نرخی ئینتەرنێت بۆ سەرجەم فەرمانگەکانی دەوڵەت بە رێژەی 40%، بە جۆرێک کە خێرایی هێڵەکان وەک خۆی بمێنێتەوە و تەنیا تێچووەکەی کەم بکرێتەوە.
سەبارەت بەو هاووڵاتییانەی لەو ناوچانە دەژین کە ئینتەرنێتی کێبڵی (FTTH)ـیان پێنەگەیشتووە و پشت بە ئینتەرنێتی تاوەرەکان دەبەستن دەبەستن، وەزیری گەیاندن بڕیاریدا خێرایی ئینتەرنێتەکەیان بە رێژەی 40% زیاد بکرێت، بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەکی زیادە بخرێتە سەر نرخەکەی.
مستەفا سەنەد ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمپانیاکانی دابینکەری ئینتەرنێت پابەند دەکرێن بەوەی تەنیا دوو جۆر پاکێج بۆ بەشداربووانی تاوەرەکان و چوار جۆر پاکێج بۆ بەشداربووانی کێبڵی (FTTH) دابین بکەن.
بڕیارە ئەم بڕیارانە رۆژی دووشەممەی داهاتوو(7ـی ئەیلوول) لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان بە فەرمی پەسند بکرێن.


