رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی کۆمەڵێک بەڵگەنامەی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق، سەرۆکی پێشووتری لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆمەتی "بەدەستهێنانی سامان بە نایاسایی" دەستگیرکراوە و دەیان زەوی، خانوو، باڵەخانە و ئۆتۆمبێلی گوللـەنەبڕ و زیاتر لە 22 ملیۆن دۆلار دەستی بەسەردا گیراوە یان داوای لێکراوە بیانگەڕێنێتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت.
بەگوێرەی کۆمەڵێک بەڵگەنامەی دادگەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی گەندەڵیی فیدراڵی کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، سزای حەوت ساڵ زیندانیکردن بۆ تەڵاڵ زەوبەعی، سەرۆکی پێشووتری لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق دەرکراوە.
دادگەکە لە بڕیارەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم سزایە بەهۆی تێوەگلانی ئەو کەسەوەیە لە "بەدەستهێنانی ماڵ و سامان بەشێوەی نایاسایی و زیادبوونی نائاسایی سامانەکەی" کە لەگەڵ داهاتی فەرمیی ئەودا ناگونجێت، هەربۆیە زەوبەیعی پابەند کراوە بە گەڕاندنەوەی بڕی "5 ملیار و 549 ملیۆن و 969 هەزار دیناری عێراقی" و بڕی "22 ملیۆن و 168 هەزار و 901 دۆلاری ئەمریکی" وەک قەرەبوو بۆ گەنجینەی دەوڵەت.
شایەتیدانی هاوژینی پێشووی: خاوەنی 19 خانوو و چوار باڵەخانەیە
لە وردەکاریی ئەو موڵک و ماڵانەی کە دادگەکە بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی داون، چەندین خانووی گرانبەها لە نێوخۆ و دەرەوەی عێراق هەن، لەوانە خانوویەک لە ناوچەی داوودی لە بەغدا کە نرخەکەی بە "400 ملیۆن دینار" خەمڵێندراوە و خانوویەکی دیکە لە ناوچەی کەڕادە لە هەمان شار بە "5 ملیار و 265 ملیۆن دینار"؛ هەروەها شوقەیەک لە عەممانی پایتەختی ئوردن کە نرخەکەی بە 250 هەزار دۆلاری ئەمریکی دیاری کراوە. ئەم موڵکانە دوای ئەوەی بڕیارەکە پلەی کۆتایی وەرگرت، دەخرێنە سەر ناوی وەزارەتی دارایی عێراق.
جگە لە پێبژاردن، دادگەکە دەستی بەسەر بڕێک پارەی کاشدا گرتووە کە لە ماڵەکەیدا بووە و بڕەکەی "196 هەزار و 901 دۆلاری ئەمریکی، 18 ملیۆن و 851 هەزار دیناری عێراقی و یەک ملیۆن و 410 دیناری ئوردنی" بووە.
لە نووسراوەکانی دادگەدا باس لە شایەتیدانی ئافرەتێک کراوە بە ناوی (میسەم جەبار حوسێن) کە هاوژینی پێشووی زەوبەعی بووە. ئەو ئافرەتە لە دادگەدا ئاشکرای کردووە کە زەوبەیعی لە ساڵی 2015دا خانوویەکی گەورەی لە ناوچەی حارسیە کڕیوە و "بە ناوی خزمەکانییەوە تۆماری کردووە" بۆ ئەوەی لێی ئاشکرا نەبێت؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە زەوبەیعی "خاوەنی 19 خانوو و چوار باڵەخانەیە" جگە لە موڵکەکانی لە قەتەر و ئوردن.
زەوبەعی لەکاتی لێکۆڵینەوە: پارەکەم قەرز بووە
دادگە ئاشکرای کردووە کە زەوبەیعی زەوییەکی "بە رووبەری 1,013 مەتر دووجا" لە ناوچەی حارسیە بە "3 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار" کڕیوە و بە ناوی کوڕەکەیەوە (عومەر تەڵاڵ) تۆماری کردووە، لە کاتێکدا کوڕەکەی "هیچ سەرچاوەیەکی داهاتی سەربەخۆی نەبووە."
هەروەها دادگە بڕیاری داوە دەست بەسەر "پێنج ئۆتۆمبێلی جۆری لاندکروز"دا بگرێ کە مۆدێلەکانیان لەنێوان 2014 بۆ 2024ـە و یەکێکیان گوللـەنەبڕە، لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی "مێرسیدس مۆدێل 2021" و "ئۆتۆمبێلێکی GMC مۆدێل 2025". جگە لە ئۆتۆمبێلەکان، دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە کاڵای گرانبەهادا گیراوە کە پێکهاتوون لە "17 تەسبیحی گرانبەها، 10 کاژێری دەستیی مارکە و کۆمەڵێک خشڵ و زێڕ و زێو" کە لە کاتی پشکنینی ماڵەکەیدا دۆزراونەتەوە.
زەوبەعی لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا هەوڵی داوە دادگە رازی بکات کە بەشێک لەو پارەی لای بووە "قەرز بووە لە پەرلەمانتارانی پێشوو" وەک (زیاد جەنابی و وەساب شاکر)، بەڵام دادگە ئەو قسانەی رەتکردوونەتەوە و بە هەوڵێک بۆ "پاساودانی سامانی نایاسایی" لە قەڵەمی داوە.
سەبارەت بە هۆکاری دەرکردنی سزاکە، دادگەکە ئاماژەی بەوە کردووە، زەوبەیعی لە چوار خولی پەرلەمانیدا لە ساڵانی 2010 بۆ 2024 "نەیتوانیوە سەرچاوەی رەوای ئەو هەموو سامانە بسەلمێنێت" و ئەو پاساوانەی کە گوایە پێشتر بازرگان بووە، لەلایەن دادگەوە رەتکراونەتەوە، چونکە "هیچ بەڵگەیەکی فەرمی بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو قسانە پێشکێش نەکراوە". بەگوێرەی بڕیارەکە، سامانی زەوبەیعی بە شێوەیەکی نایاسایی زیادی کردووە و سوودی لە پۆستەکەی وەرگرتووە بۆ کەڵەکەکردنی ئەو پارەیە.
لە بڕیارەکەدا هاتووە کە دادگە بڕیاری داوە بە "دەستبەسەرداگرتنی گشت سامانی گوازراوە و نەگوازراوەی" تەڵاڵ زەوبەیعی و هاوژینەکەی و منداڵەکانی، هەروەها جەخت کراوەتەوە کە ئەو کەسە ئازاد ناکرێ تەنانەت دوای تەواوکردنی ماوەی حەوت ساڵ زیندانییەکەش، مەگەر ئەوەی "تەواوی ئەو بڕە پارە ملیۆن دۆلارییەی لێی داوا کراوە بگەڕێنێتەوە". ئەم بڕیارە بە ئامادەبوونی لایەنە دادوەرییە تایبەتمەندەکان دەرچووە و مافی تێهەڵچوونەوەی تێدایە.
تەڵاڵ زەوبەعی، یەکێکە لە کەسایەتییە سیاسییە دیارەکانی پێکهاتەی سوننە لە بەغدا، لە ساڵی 2010 بۆ یەکەمجار وەک نوێنەری پارێزگای بەغدا لە لیستی (عێراقییە) چووە پەرلەمان. لە خولی دووەمی پەرلەمان لە ساڵی 2014 پۆستی سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی وەرگرت.
تەڵاڵ زەوبەعی، لەدایکبووی 1969ی بەغدایە، بۆ سێ خول ئەندامی پەرلەمان بووە.
زەوبەعی لە تەممووزی ساڵی 2026 و لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی فراوانی حکومەتدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، لە باخەکەی خۆیدا لە ناوچەی ئەبوغرێب لە بەغدا دەستگیرکرا.

.webp&w=3840&q=75)
