رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە کە باس لە پەڕینەوەی گرووپێک دەکەن لە سنووری سووریاوە و دەڵێت، "ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە، هیچ پەیوەندییەکی بە سنوورەکانی عێراقەوە نییە."
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ڤیدیۆیەی لە هەندێک پەیج و هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەژێر ناوی "کۆمەڵێک سووریایی لە بەربەستی ئەمنیی سنووری عێراق و سووریا دەپەڕنەوە" بڵاوکراوەتەوە، ئەمە "بە تووندی رەت دەکرێتەوە" و هەموو ئەو زانیارییانەی لەگەڵ ڤیدیۆکەدا بڵاوکراونەتەوە دوورن لە راستییەوە.
وەزارەتەکە روونکردنەوەی داوە کە ئەو دیوارە کۆنکرێتییەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێ، بەشێکە لە تووندوتۆڵییە ئەمنییەکانی سنووری وڵاتێکی دیکە و "هیچ پەیوەندییەکی بە سنوورەکانی عێراقەوە نییە."
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، سنووری عێراق و سووریا "بە تەواوی پارێزراوە و سەقامگیرییەکی ئەمنیی گەورە"ی بەخۆوە بینیوە، ئەوەش بەهۆی بوونی "سیستمێکی تەواو لە تووندوتۆڵی و بەربەستی ئەمنی، چاودێریی تەکنیکی و کامێرای گەرمی،" جگە لە بڵاوەی بەردەوامی هێزەکانی پاسەوانی سنوور و مەفرەزە مەیدانییەکان لە سنوورەکە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن، بلۆگەر و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات ورد بن لە گواستنەوەی هەواڵەکان و ڤیدیۆی کۆن یان ڤیدیۆی وڵاتانی دیکە بە ناوی سنووری عێراقەوە بڵاونەکەنەوە تەنیا بۆ مەبەستی کۆکردنەوەی بینەر، چونکە ئەوە دەبێتەهۆی "چەواشەکردنی رای گشتی."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سنوورەکانی عێراق پارێزراون و هێزە ئەمنییەکان بە شەونخوونی و بەوپەڕی پیشەییەوە ئەرکەکانیان بۆ پاراستنی سەروەریی وڵات و رێگریکردن لە هەر هەوڵێکی دزەکردن یان بەزاندنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ دەکەن."


