رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری لە دۆخی تەندروستیی هاووڵاتییانی عێراق دەدات و رایدەگەیێنێت، زیاتر لە نیوەی مردنەکان لە وڵاتەکەدا بەهۆی نەخۆشییە درێژخایەنەکانەوەیە. هاوکات ئاشکرای دەکات کە رێژەی جگەرەکێشان لەنێو مێرمنداڵاندا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.
رۆژی شەممە، 5ی ئەیلوولی 2026، جەمیلە راعبی، سەرۆکی نێردەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق رایگەیاند، "56%ـی کۆی مردنەکان لە عێراق ئەنجامی تووشبوونە بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان، لەوانەش نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرە، شێرپەنجە و بەرزەپەستانی خوێن."
بەگوێرەی ئامارەکانی ئەو رێکخراوە جیهانییە، "88%ـی منداڵانی عێراق هیچ چالاکییەکی جەستەیی و وەرزش ناکەن و 18%ـی منداڵان و مێرمنداڵان لە عێراق جگەرەکێشن."
سەبارەت بە تەندروستیی دەروونیش، نێردەی رێکخراوەکە ئاشکرای دەکات، 14%ـی حاڵەتە دەروونییەکان لە تاکی عێراقی لە قۆناخی مێرمنداڵییەوە دەستپێدەکەن، ئەمەش وادەکات پەرەپێدانی کەرتی تەندروستیی دەروونی ببێتە پێویستییەکی هەنووکەیی.
لەبارەی مادە هۆشبەرەکان، راعبی روونی کردووەتەوە کە هەرچەندە ئامارێکی وردیان لەسەر ژمارەی ئالوودەبووان نییە، بەڵام "دیاردەکە لە عێراق روو لە زیادبوونە."، دەشڵێت، "عێراق پێویستیی زۆری بە زیادکردنی سەنتەرەکانی شیاندنەوە و چارەسەرکردنی ئاڵوودەبووان هەیە، چونکە رووبەڕووبوونەوەی ئەم ئافاتە تەنیا ئەرکی وەزارەتی تەندروستی نییە و پێویستی بە هاوئاهەنگیی هەموو کەرتەکانە."
سەرۆکی نێردەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەرچی پێشکەوتن لە کەرتی تەندروستیدا دەبینرێت، بەڵام تەرخانکراوە داراییەکان لە عێراق بۆ تەندروستی هێشتا "کەم و ناپێویستن."
جەمیلە راعبی دەڵێت، "خەرجییەکانی هاووڵاتیی عێراقی بۆ دەستکەوتنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان هێشتا زۆرە و بەشێکی زۆری بنکە تەندروستییەکان پێویستییان بە پاڵپشتیی دارایی و کارمەندی زیاتر هەیە."



