رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، تاوەکو سێ مانگی دیکە یەکەیەکی گەورە بۆ بەرهەمهێنانی بەنزین و جۆرەکانی دیکە سووتەمەنی دەکەنەوە. ئەو یەکەیە کە بە (FCC) ناسراوە، دەتوانێت لە رۆژێکدا زیاتر لە چوار ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەمبهێنێت.
ئەمڕۆ شەممە 5ـی ئەیلوولی 2026، سەلیم رووکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێستا یەکەی FCC لە قۆناخی کارپێکردنی سەرەتایی دایە و پشت بە جێبەجێکردنی کۆمەڵێک رێکاری دیاریکراو و خشتەبۆداڕێژراو دەبەستێت."
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی، "رەنگە کارپێکردنی تەواوەتیی یەکەکە نزیکەی سێ مانگ بخایەنێت، کارپێکردنەکەش بە چەند قۆناخێک ئەنجام دەدرێت."
سەلیم رووکابی رەتیشیکردەوە کە حکومەت بە نیاز بێت دوای دەستپێکردنی کارەکانی یەکەی (FCC)، بەنزین هەناردەی دەرەوە بکات.
رووکابی روونیکردەوە، کارپێکردنی ئەو یەکەیە و تەواوکردنی کارەکانی فراوانکردنی پاڵاوگەکانی دیکە، "عێراق دەگەیێنێتە قۆناخی خۆبژێوی پێداویستیی نێوخۆ لە بەرهەمە نەوتییەکان"، دوای ئەوەش دەتوانرێت بیر لە هەناردەکردنی بەشێک لە بەرهەمەکان بکرێتەوە.
یەکەی FCC چییە؟
ئەرکی سەرەکیی ئەم یەکەیە بریتییە لە گۆڕینی بەرهەمە نەوتییە کەمبایەخ و قورسەکان بۆ بەرهەمی گرانبەها و سووک.
بە شێوەیەکی سادەو ئەو پاشماوە ئەستوور و قورسەی نەوت (وەک رۆنی سووتەمەنی یان ناوەندی قورس) کە نرخیان هەرزانە، دەگۆڕێت بۆ بەنزینی ئۆکتان بەرز، گازی شل (LPG) و گازوایل.
ئەم یەکەیە دەتوانێت رۆژانە نزیکەی 4 ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزین بەرهەم بهێنێت.



