رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی چەند پڕۆژەیاسایەک کۆدەبێتەوە. یەکێک لە پڕۆژەیاساکان خوێندنەوەی یەکەمە بۆ هەمواری یاسای هاتووچۆ. بەپێی هەموارە نوێیەکە، رێژەی جام رەشکردن دیاریکراوە و سیستمی سزاکانیش دەکرێتە ئەلیکترۆنی.
رۆژی یەکشەممە، 6ی ئەیلوولی 2026، شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، لیژنەکەیان تەواوی گفتوگۆکانی تایبەت بە هەمواری یاسای هاتووچۆی تەواو کردووە و تەنیا چەند تێبینییەک ماون کە لە کاتی خوێندنەوەی پڕۆژە یاساکە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە دەخرێنەڕوو.
دیارترین ئەو گۆڕانکارییانەی بڕیارە لە یاسای هاتووچۆی عێراقدا بکرێن بریتین لە رێگەدان بە جام رەشکردنی ئۆتۆمبێل بە رێژەی %30 بەبێ باج و رسومات.
هەر بەپێی هەموارەکە، سزاکانی هاتووچۆ لە رێگەی کامێرا و رادارەکانەوە تۆمار دەکرێن و گۆڕانکاری لە بڕی پێبژاردنەکاندا دەکرێ.
هەروەها لە هەموارە نوێیەکەدا جەخت لە تووندکردنی سزاکان کراوەتەوە، بەجۆرێک کە هیچ جۆرە لێخۆشبوون یان واستەیەک لە بڕیاری سزادانی سەرپێچیکاراندا نابێت، بەتایبەت ئەو سەرپێچیانەی دەبنەهۆی رووداوی کوشندە.
لە هەموارەکەدا هاتووە، بەشێک لە داهاتی باج و رسووماتی هاتووچۆ تەرخان دەکرێ بۆ پەرەپێدانی کارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ و دابینکردنی پێداویستییەکانیان.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو پەرلەمانتارە، ئێستا 29 هەزار کارمەند لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ کاردەکەن، کە 15 هەزاریان لە شەقامەکانن و ئەوانی دیکە لە کارە کارگێڕییەکاندا یاسا نوێیەکەش دۆخی رێکخراوەیی ئەو کارمەندانە باشتر دەکات.
پەرلەمانی عێراق لەم هەفتەیەدا سێ کۆبوونەوە دەکات کە تێیدا خوێندنەوە بۆ چەندین پڕۆژەیاسا دەکرێ:
- کۆبوونەوەی ئەمڕۆ: خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای هاتووچۆ، یاسای رێکخستنی بریکاری بازرگانی و یاسای کاخەزە داراییەکان.
- کۆبوونەوەی سبەی دووشەممە: یاسای پەیوەستبوون بە رێکخراوی گەشەپێدانی ئافرەت لە وڵاتانی ئیسلامی، هەمواری یاسای مادە کشتوکاڵییەکان و یاسای هاوبەشی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت.
- کۆبوونەوەی چوارشەممە: خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای دادنووسەکان، یاسای بەڕێوەبردنی پاشماوە رەقەکان و هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

.webp&w=3840&q=75)