رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی (هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت) بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو و گفتوگۆ لەبارەی کێشەی نیشتەجێبوون، یاسای نەوت و گاز و تەواوکردنی کابینەی حکومەت کرا. لایەنەکانی نێو هاوپەیمانییەکە دەڵێن، پێویستە عێراق لە لێکەوتەی ئەو سزایانەی ئەمریکا بەسەر هەندێک وڵاتدا دەیسەپێنێت، بپارێزرێت.
شەوی رابردوو لە کۆشکی حکومی لە بەغدا، بە ئامادەبوونی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان، کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەڕێوەچوو.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پرۆژەی شارە نوێیەکان و دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی کراوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون. لەو چوارچێوەیەدا عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری داوە بە راگرتنی هەڵمەتی رووخاندنی ئەو خانووانەی بە زێدەڕۆ دروستکراون، تاوەکو ئەو کاتەی پرۆسەی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوییەکە بەسەر هاووڵاتییانی شایستەدا تەواو دەبێت.
یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، پرسی یاسای نەوت و گاز بوو. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە جەختیان لە گفتوگۆکردن لەسەر رەشنووسی یاساکە کردووەتەوە بە مەبەستی ناردنی بۆ پەرلەمان.
لەبارەی شایستەی گەنمی جووتیارانیش سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، بەمزووانە گوژمەیەکی نوێی پارە بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان تەرخان دەکرێت.
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە عێراق لە لێکەوتەی ئەو سزایانەی ئەمریکا بەسەر هەندێک وڵاتدا دەیسەپێنێت، بپارێزرێت؛ ئاماژە بەوەش کراوە، عێراق لە دۆخێکی دارایی هەستیاردایە و بەرگەی هیچ سەرکێشییەک ناگرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا رێککەوتن لەنێوان لایەنەکانی هاوپەیمانییەکە کرا کە هەفتەی داهاتوو گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان دەستپێبکات بۆ پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکانی نێو کابینەی حکومەتی عێراق. هەروەها پشتگیریی تەواو بۆ هەڵمەتەکانی دەستەی دەستپاکی و دەسەڵاتی دادوەری دەربڕدراوە بۆ "راوەدوونانی گەندەڵکاران و چاکسازیی دامەزراوەیی."
