رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، عێراق لە بەرهەمهێنانی خورمادا گەیشتووەتە قۆناخی خۆبژێوی، پێشبینیش دەکات ئەم ساڵ زیاتر لە 850 هەزار تۆن خورما بەرهەم بێت.
رۆژی دووشەممە، 7ی ئەیلوولی 2026، قوسەی حەتاب، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم ساڵ عێراق توانیویەتی خۆبژێوی لە بەرهەمی خورما بەدەستبهێنێت، کە تێیدا خورمای جۆری (زەهدی) زۆرترین بڕی بەرهەمهێنانی هەبووە."
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاماژەی بە گەشەکردنێکی بەرچاو کرد لە کەرتی دارخورما و گوتی: "دوای ئەوەی لە دوای ساڵی 2003 ژمارەی دارخورماکانی عێراق بۆ 12 ملیۆن دابەزی، ئێستا بەهۆی هەوڵەکانی وەزارەتەوە ئەو ژمارەیە گەیشتووەتە 22 ملیۆن دارخورما. ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە بگەینەوە بەو ژمارە مێژووییەی کە عێراق پێی ناسرابوو، ئەویش 32 ملیۆن دارخورمایە."
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق پێشبینی دەکات بەرهەمی ئەم ساڵی خورما زیاتر لە 850 هەزار تۆن بێت.
پارێزگای کەربەلا ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکردووە و پشکی شێری لە خورما بەردەکەوێ. بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەربەلا، پێشبینی دەکرێ بەرهەمی ئەم ساڵی پارێزگاکە 220 هەزار تۆن خورما زیاتر بێ، کە لە رێگەی زیاتر لە سێ ملیۆن دارخورماوە بەرهەم دەهێندرێن. پار بەرهەمەکە 180 هەزار تەن بوو.
سەبارەت بە بازاڕکردنی بەرهەمەکە، قوسەی حەتاب گوتی: "ئاڵوگۆڕێکی بازرگانیی بەردەوام لەنێوان پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ساخکردنەوەی خورما هەیە. بەهۆی گەیشتن بە خۆبژێوی، حکومەت هاوردەکردنی خورمای قەدەخە کردووە، تەنیا ئەو جۆرانە نەبێت کە لە نێوخۆی عێراقدا بوونیان نییە."
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی زیادبوونی بەرهەم بۆ کەمبوونەوەی نەخۆشییەکان دەگەڕێتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، لە رێگەی هەڵمەتی خۆڕایی و بەکارهێنانی رێگەی نوێی وەک رشتنی دەرمان، توانیویانە مێرووی زیانبەخشی (دۆباس) و نەخۆشییەکانی وەک گەنینی گوڵی خورما کۆنترۆڵ بکەن، کە لە ساڵانی رابردوودا زیانی گەورەیان بە کەرتی کشتوکاڵ گەیاندووە.



