رووداو دیجیتاڵ
بەمەبەستی یەکلاکردنەوەی مافی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست، شایستەی خانەنشینان و یەکەمەکانی زانکۆ، شاندێکی تەکنیکیی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە. کۆبوونەوەکانی شاندەکە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق تاوەکو رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبن، ئامانجیش جێگیرکردنی ئەو داواکارییانەیە لەنێو یاسای بودجەی 2027دا
ئەم کۆبوونەوانە لە کاتێکی هەستیاردا بەڕێوەدەچن، چونکە وەزارەتی دارایی عێراق سەرقاڵی کۆتاییهێنانە بە رەشنووسی بودجەی ساڵی داهاتوو. دانەر عەبدولغەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "لە بودجەی 2027دا، هەر ژمارە و گوژمەیەک دیاری بکرێت، دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان بە روونی تێیدا جێگیر بکرێت. نابێت فەرمانبەرانی هەرێم چیدی لە مافی دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە بێبەش بکرێن."
بودجەی 2027؛ بەبێ دەستکاریکردن تێدەپەڕێت فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، لەگەڵ سەرۆکوەزیران و لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی گەیشتووەتە رێککەوتنێکی سیاسی بۆ ئەوەی بودجەی 2027 وەک خۆی و بەبێ دەستکاریکردنی خشتەکان لە پەرلەمان تێپەڕێنرێت ئەمەش وا دەکات کۆبوونەوەکانی ئێستای شاندی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ گرنگییەکی "چارەنووسساز"یان هەبێت
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان، ئامۆژگاری شاندی هەرێم دەکات و دەڵێت: "پێش ئەوەی بودجە بگاتە پەرلەمان یان تەنانەت لە ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر بدرێت، دەبێت هەرێمی کوردستان کێشەکانی لەگەڵ بەغدا یەکلا بکاتەوە؛ بەتایبەت پرسی رادەستکردنی داهاتەکان، تاوەکو بە رەزامەندی هەردوو حکومەت رەشنووسەکە بنووسرێتەوە"
وادەی رادەستکردنی بودجە بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لیژنەی پلانی ستراتیژی لە رۆژی 6ی ئەیلوولەوە دەستی بە نووسینەوەی رەشنووسی بودجە کردووە. بڕیارە تاوەکو 15ـی ئەم مانگە، تەواوی رەشنووسەکە رادەستی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت بۆ پەسەندکردنی.

.jpeg&w=3840&q=75)
