رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق هەوڵەکانی بۆ کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو لە کۆمپانیا جیهانییەکان چڕ کردووەتەوە؛ ئامانجی سەرەکی رووبەڕووبوونەوەی هێرشی درۆنەکانە لە دوای وادەی 30ـی ئەیلوول. عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، گەڕانەوەی سەروەریی تەواوەتی بۆ ئاسمانی وڵاتەکەی کردووەتە ئەولەوییەت و بۆ ئەو مەبەستەش سندووقێکی دارایی تایبەت تەرخانکراوە.
یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق، جدییەتی وەزارەتەکەی بۆ ئەم پرسە ئاشکرا کرد و بە رووداوی راگەیاند: "هەوڵەکان بۆ گرێبەستکردن لەسەر کڕین و دامەزراندنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو بەردەوامن. دوای سەردانی سەرۆک ئەرکانی سوپا بۆ فەرماندەیی هێزی ئاسمانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان داوای کردووە پلانەکان خێراتر بکرێن و پەلە بکرێت لە کڕینی سیستەمەکان لەو وڵاتانەی خاوەن ئەزموونن."
پلانی 6 ساڵە کورت دەکرێتەوە بۆ 3 ساڵ هێزی ئاسمانیی عێراق پێشتر پلانێکی شەش ساڵەی بۆ پەرەپێدانی بەرگریی ئاسمانی دانابوو، بەڵام سەرۆکوەزیران داوای کردووە ماوەکەی کەمبکرێتەوە بۆ تەنیا سێ ساڵ. بەپێی زانیارییەکان، هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە خاکی عێراق، سوودمەند دەبێت لەو سیستەمە بەرگرییە نوێیەی کە بڕیارە دابین بکرێت.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، جەخت لە پاراستنی دامەزراوە ستراتیژییەکان دەکاتەوە و دەڵێت: "پلانێکی تۆکمەمان بۆ پاراستنی سەروەریی ئاسمانی عێراق و رێگریکردن لە هەر دەستدرێژییەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ داناوە. ئەرکی ئێمە پاراستنی دامەزراوە نەوتی و حکومییەکانە، جا ئەو دامەزراوانە لە هەرێمی کوردستان بن یان لە هەر شوێنێکی دیکەی عێراق."
گفتوگۆ لەگەڵ چوار وڵاتی زلهێز بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، حکومەتی عێراق دەستی بە گفتوگۆ کردووە لەگەڵ کۆمپانیا پسپۆڕەکانی ئەم وڵاتانە بۆ دامەزراندنی سیستەمەکە: تورکیا, رووسیا, چین و کۆریای باشوور.
لە ماوەی رابردوودا عێراق رووبەڕووی چەندین پێشێلکاریی ئاسمانی بووەوە؛ لە لایەکەوە ململانێیە نێودەوڵەتییەکان و بۆردومانە دەرەکییەکان و لە لایەکی دیکەشەوە جووڵەی درۆنە ناوخۆییەکان. ئێستا بەغدا دەیەوێت بەبێ پشتبەستن بە هێزە بیانییەکان، خۆی بەرگری لە ئاسمانی وڵاتەکەی بکات و پارێزبەندی بۆ دامەزراوە ئابووری و نەوتییەکانی دروست بکات.

.jpeg&w=3840&q=75)