رووداو دیجیتاڵ
رووداوێک لە ئێران خوێندکارانی عێراق لە زانکۆکانی شاری سمنان ناچار دەکات مۆڵەتێکی یەک مانگی بۆ گەڕانەوە وەربگرن. هەڵکوتانە سەر بەشە نێوخۆییەکانی ئەو خوێندکارانە بووەتە پرسی رای گشتی لە هەردوو وڵات کە بەهۆیەوە چەند کەسێک دەستگیرکراون. بە گوتەى یەکێک لە شایەتحاڵانی رووداوەکە سەرەتای کێشەکە کاتێک دروست بووە کە دوو کەس بە سەرخۆشى چوونەتە سەریان و ئاماژە بەوەش دەکات، ئەوەی باس دەکرێ لەبارەی گێچەڵکردن بە کچێک لەلایەن خوێندکارەکانەوە "درۆیەکی هەڵبەستراوە".
رووداوەکە شەوی 6ی ئەیلوول لە بەشە ناوخۆییەکانی تایبەت بە خوێندکارانی خوێندنی ماستەر لە شاری سمنان دەستیپێکرد. لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا سێ جار ئاڵۆزی لەنێوان خوێندکارە عێراقییەکان و چەند هاووڵاتییەکی ئێرانی روویدا.
عەلی زوهێری، نوێنەری خوێندکارە عێراقییەکان کە میوانی یەکێک لە بووڵتەنەکانی رووداو بوو، گوتی: "دوو گەنجی ئێرانیی سەرخۆش هاتنە نێو بەشە ناوخۆییەکان و هێرشیان کردە سەر خوێندکارە عێراقییەکان و ئەوانیش هەوڵیان دا خۆیانیان لێ لابدەن و دووریان خستنەوە، دواتر دایکی ئەو دوو کوڕە هاتن و داوای لێبووردنیان کرد ".
بە گوتەی عەلی زوهێری، ئەو دوو کەسەی سەرەتا هێرشیان کردبووە سەریان هەمان شەو جارێکی دیکە گەڕاونەتەوە و کەسانی دیکەیان لەگەڵ خۆیان هێناوە، پەنجەرەی بەشە ناوخۆییەکانیان شکاندووە.
زوهێری گوتی: "بە دار و بەرد هێرشیان دەکرد و کار گەیشتە شەڕی دەستەویەخە، یەک کارمەندی ئەمنى لە بەشە ناوخۆییەکان بوو، ئەویش هیچى پێنەکرا".
باڵێۆزخانەی عێراق لە ئێران ، 7ى ئەیلوول لیژنەیەکی ناردە ئەو زانکۆیە کە لە حەوتەم گەورەترین پارێزگای ئێرانە، بۆ بەدواداچوونی لێکۆڵینەوەکان لەو رووداوە.
بەیانیی 7ی ئەیلوول بۆ جاری سێیەم گرژی لە هەمان شوێن روویدایەوە و ژمارەیەک هاووڵاتیی ئێرانی چوونە سەر بەشە نێوخۆییەکان.
نوێنەرەکەی خوێندکارەکان گوتی: "هێرشەکان خوێندکاری عێراقی لەو بەشە ناوخۆییەی دیکەش گرتەوە".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران هاشتاگی "سیمنان غیرەتی هەیە" بڵاوکرایەوە، دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە خوێندکارە عێراقییەکان گێچەڵیان بە کچێکی ئێرانی کردووە، بەڵام زوهێری ئەوە رەت دەکاتەوە و دەڵێت: "ئەوە راست نییە و درۆیەکی هەڵبەستراوە".
بۆ رێگری لە تەشەنەسەندنی دۆخەکە، بڕیار درا مانگێک مۆڵەت بدرێتە خوێندکارە عێراقییەکان کە دەوام لەو زانکۆیەی سمنان نەکەن.
عەلی زوهێری گوتى:" خوێندکارانی ماستەری یاسای گشتی زۆرینەیان گەڕاونەتەوە عێراق، بەڵام بەشێک لە خوێندکارانی بەشەکانی دیکە ماون. تاقیکردنەوەکان بە شێوەیەکی کاتی راگیراون و دواتر بە ئۆنلاین دەکرێن، بڕیاری زانکۆکە و باڵێۆزخانەی عێراق وابوو کە خوێندکارە عێراقییەکان خاکی ئێران بەجێبهێڵن".
دوو کەس بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر خوێندکارە عێراقییەکان لە شاری سمنان دەستگیرکراون، وەک ئەوەی ئاژانسی ئیرنای ئێران لە زاری محەممەد سادق ئەکبەری، سەرۆکی فەرمانگەی دادی پارێزگاکە بڵاوی کردەوە. بە گوتەی ئەو بەرپرسە، بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانەی دیکە بەردەوامە کە لەو گرژییەدا دەستیان هەبووە.



