رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەیەوێ شێوازی کارکردنی حکومەتەکەی بگۆڕێت و کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە پارێزگاکان دەکرێت؛ یەکەم کۆبوونەوەش لە پارێزگای دیوانییە دەبێ. هەروەها حکومەت بەرنامەیەکی نوێی بۆ زیادکردنی بەرهەم و هەمەجۆرکردنی رێگەکانی هەناردەکردنی نەوت داڕشتووە.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "حکومەت کۆبوونەوەکانی داهاتووی لە پارێزگاکان دەکات. سەرەتا لە دیوانییەوە دەستپێدەکەین و دواتر دەچینە سەلاحەدین، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری پرۆسەی خزمەتگوزاری و تەواوکردنی ژێرخانەکان بین. ئەمەش سەقامگیری بەهێز دەکات و دەبێتە پاڵپشتییەک بۆ کاروانی گەشەپێدان."
پارێزگای دیوانییە یەکێکە لەو پارێزگایانەی بەدەست کەمیی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنێت و رێژەی بێکاری تێیدا بەرزە، هەروەها سەلاحەدین پێویستی بە تەواوکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی نیشتەجێبوونە. بردنە دەرەوەی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەو پارێزگایانە، پەیامێکی سیاسی و ئابووریی بەهێزە بۆ هاووڵاتییانی ئەو ناوچانەی هەست دەکەن لە ناوەندی بڕیارەوە دوورن.
سەبارەت بە کەرتی نەوت، حکومەت کار بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات دەکات و بەرنامەیەکی نوێی بۆ زیادکردنی بەرهەم و هەمەجۆرکردنی رێگەکانی هەناردەکردن داڕشتووە، کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەم جێبەجێ دەکرێت.
عەلی زەیدی، لەبارەی ستراتیژییە نوێیەکەی ئابوورییەوە ئاماژەی بەوە کرد، "پەیڕەوێکی کرداریمان بۆ گەشەپێدانی کەرتی نەوت گرتووەتە بەر بە مەبەستی زیادکردنی بەرهەم، لەگەڵ بەکارهێنانی شێوازی نوێی وەبەرهێنان لە رێگەی سندووقی گەشەپێدانەوە بۆ دابینکردنی دارایی پڕۆژەکان."
یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکان لەبەردەم خێزانە عێراقییەکاندا قەیرانی نیشتەجێبوونە. سەرۆکوەزیران رایگەیاند، پڕۆژەی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوون دەستیپێکردووە. ئەمە هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ کەمکردنەوەی نرخی خانووبەرە و دابینکردنی ماڵ بۆ ئەو چینانەی کە داهاتیان سنووردارە و بڕیارە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بکرێت.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی سێشەممە، 8ی ئەیلوولی 2026، عەلی زەیدی ئەو قسانەی لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەدر مەحموود فەحل جبووری، سەرۆکی فراکسیۆنی جەماوەریی و ئەندامانی فراکسیۆنەکە کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی ئابووری و هەوڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی تەوەرە سەرەکییەکان بوون. زەیدی پێی وابوو کاتی ئەوە هاتووە بەرپرسان لە نزیکەوە ئاگاداری کێشەکانی خەڵک بن و چیتر بڕیارەکان تەنیا لەناوچەی سەوز نەدرێن.

