رووداو دیجتاڵ
وەزارەتی دادی عێراق ئاماری نوێی ئەو زیندانییانە بڵاودەکاتەوە کە بەپێی یاسای لێبووردنی گشتی ئازادکراون و دەڵێ، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 13 هەزار کەس لەو چوارچێوەیەدا ئازادکراون.
ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 9ی ئەیلوولی2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دەستپێکی جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتییەوە تاوەکو 5ـی ئەیلوول 2026، کۆی گشتیی ئەو زیندانییانەی لە زیندانەکانی سەر بە وەزارەتی داد ئازادکراون، گەیشتووەتە 13 هەزار و 79 کەس.
سەبارەت بەو کەسانەی لە دەرەوەی یاسای لێبووردن ئازادکراون، گوتەبێژی وەزارەتی داد ئاماژەی بەوە کرد، شەش هەزار و 770 کەسی دیکە بەپێی بڕیاری جیاوازی دادگەکان ئازادکراون، کە پڕۆسەی ئازادکردنەکەیان ئازادکردنی مەرجدار بووە یان ماوەی سزاکەیان تەواو بووە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، پێشتر باسی ئازادکردنی 42 هەزار کەس کردبوو، سەبارەت بە جیاوازیی ئامارەکەی ئەوان و ئەنجوومەنی دادوەری، لعێبی روونی کردەوە: "ئامارەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی تەواوی دەستگیرکراون دەگرێتەوە بە راگیراون و ئەوانەشی لە وەزارەتی ناوخۆش دەستگیرکراون، بەڵام ئامارەکەی ئێمە تەنیا تایبەتە بەو زیندانییانەی کە لەژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی داددابوون."
یاسای لێبووردنی گشتی، لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی و یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان، بە یەک پاکێج لە رۆژی 21-ی کانوونی دووەمی 2025 لە پەرلەمانی عێراق پەسندکران.



