رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی سینگاپوور رایگەیاند، فەرماندەیەکی گرووپی چەکداری کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی، کە تۆمەتبارە بەوەی چەندین جار پلانی داناوە بۆ هێرشکردنە سەر جووەکان لە ئەمریکا، کەنەدا و ئەورووپا، چەندین جار هەوڵیداوە بچێتە نێو سینگاپوورەوە.
بەپێی راپۆرتی ساڵانەی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی سینگاپوور کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، ئەو تۆمەتبارە ناوی محەممەد باقر سەعد داوود سەعدییە. سەعدی لە ساڵانی 2023 و 2024دا سێ جار داواکاریی پێشكێش کردووە بۆ وەرگرتنی ڤیزەی سینگاپوور، بەڵام لە کۆتاییدا نەچووەتە ئەو وڵاتە.
دەزگای ئاسایشی سینگاپوور دەڵێت: "ئەگەر هەوڵیشی بدایە بێتە نێو وڵاتەوە، رێگریمان لێدەکرد و نەماندەهێشت پێ بخاتە نێو سینگاپوور."
هەروەها بەرپرسانی وڵاتەکە گومان دەکەن کە هۆکاری گەشتەکانی بۆ باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا بە مەبەستی "کاری تیرۆریستی" بووبێت، لەوانەش بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و جووەکان لە سینگاپوور.
سینگاپوور هۆشداری دەدات لەوەی کە ناکۆکی و شەڕەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، مەترسیی سەرهەڵدانی هێرشی تیرۆریستی لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیاش زیاتر دەکەن. دەزگاکە باسی لەوە کردووە کە چالاکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تاران، وایانکردووە "مەترسیی تیرۆر" سنووری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ببڕێت و بگاتە وڵاتانی دیکەش.
سەعدی کێیە و ئێستا لەکوێیە؟
داواکاری گشتیی ئەمریکا، سەعدی وەک یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی "کەتیبەکانی حیزبوڵڵا"ی عێراق دەناسێنێت، کە واشنتن وەک گرووپێکی "تیرۆریستی"ی سەر بە ئێران پۆلێنی کردووە. ئەمریکا دەڵێت، ئەو کەسە فەرمانی کردووە هێرش بکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانی واشنتن و ئیسرائیل، هەروەها هانی کوشتنی ئەمریکی و جووەکانی داوە وەک تۆڵەیەک بۆ ئەو شەڕەی دژی ئێران کراوە.
سەعدی لە مایسی ئەمساڵ تورکیا دەستگیرکرا و دواتر رادەستی ئەمریکا کرا، ئێستاش لە گرتووخانەیەکی ئەمریکادایە و چاوەڕێی دادگاییکردنی دەکات. لە بەرامبەردا، کەتیبەکانی حیزبوڵڵا رەتیدەکاتەوە، سەعدی ئەندامی ئەوان بێت.

