رووداو دیجیتاڵ ئاڕتی بانک دەستپێشخەرییەکی نوێی بۆ بازرگانان راگەیاند کە لە رێگەیەوە دەتوانن بە ئاسانی و لە رێگەی سەکۆیەکی ئەلیکترۆنییەوە داوای دۆلار بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندیی عێراق بکەن، بازرگانانیش دەڵێن، دەستپێشخەرییەکە کارەکانیان 90% ئاسان دەکات. بیترا جەمال، بەڕێوەبەری ژمێریاری لە کۆمپانیای شیلی بۆ بازرگانیی ئۆتۆمبێل، کە ساڵانە نزیکەی 4 هەزار ئۆتۆمبێل لە چینەوە هاوردە دەکات، دەستپێشخەرییەکەی ئاڕتی بانک بە "ئاسانکارییەکی 90%ی کارەکانیان" دەزانێت. هەروەها، تەها یاسین، خاوەن کۆمپانیایەکی دیکە، ئاماژە بەوە دەکات کە کێشەی زۆر لە حەواڵەکردن و بەرزکردنەوەی بەڵگەنامەکاندا هەیە و دەڵێت، "بیرۆکەی دانانی سەکۆیەکی ئەلیکترۆنی بۆ پێشکەشکردنی بەڵگەنامە و چاودێریکردنی حەواڵەکان زۆر بەسوودە." ئاڕتی بانک، کە زیاتر لە 650 هەزار هەژماری بانکیی بازرگانی و کەسی لای کراوەتەوە، رۆژ بە رۆژ ژمارەی بەشداربووانی زیاتر دەبێت. نەیس تەبەقچەلی، بەڕێوەبەری لقی بەغدای ئاڕتی بانک، رایگەیاند، "تەنیا لە ماوەی مانگێکدا، نزیکەی 70 کۆمپانیا لە لقی بەغدا هەژماریان کردووەتەوە." ئاڕتی بانک لە هەرێمی کوردستان و عێراق خاوەنی 11 لقە و خزمەتگوزارییەکانی لە هەموو جیهان بەردەستن.